ئەمڕۆ دووشەم 17ی ئابی 2026، دکتۆر شێخ مادح شێخ عوسمان نەقشبەندی بیارە، سەرپەرشتیاری مەدرەسە و خانەقاکانی حەزرەتی شێخ عوسمان سیراجەدینی بیارە، لە پەیامێکدا بۆ مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتوندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە تاوانکارییانەی کرد کە کراونەتە سەر نووسینگەی تایبەتی سەرۆکی حكوومەت و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، دووپاتیشی دەکاتەوە کە ئەم کارە قێزەونە پەلاماردانێکی ئاشکرایە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
لە پەیامەکەدا هاتووە، هەر هەوڵ و پلانێک بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، لاوازکردنی پێگەکەی و زیانگەیاندن بە دامەزراوە فەرمییەکان بەتوندی ڕەت دەکەنەوە و شەرمەزاری دەکەن. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە گەلی کورد و حكوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر لەو جۆرە هێرشانە گەورەترن.
لە بەشێکی تری پەیامەکەدا باس لەوە کراوە کە ئەمە کاری یەکەمی دوژمنانی کورد نییە، بەڵکوو لە دێر زەمانەوە و لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانییەوە تا دەگات بە ئەمڕۆ، ئەم هەوڵە ترسنۆک و فشۆڵانە بەردەوام هەبوون، بەڵام هیچ کات سەرکەوتوو نەبوون.
سەرپەرشتیاری خانەقاکانی بیارە دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم هەوڵانە نەک تەنیا ورە و متمانە و ئیرادەی گەلی کورد کەم ناکەنەوە، بەڵکوو گەل بەرەو یەکگرتوویی زیاتر دەبەن. لە کۆتاییشدا ڕای گەیاندووە، ئەم هێرشە ناڕەوایانە هەرگیز نابنە هۆکاری وەستانی کاروانی ئاوەدانی، بەدڵنیاییەوە ئەم کردەوانە زیاتر دەبنە هۆی یەکڕیزی و پێداگریی گەلی کوردستان و حكوومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی کوردستان.