مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، داوای بەهێزكردن و پشتیوانی بەرگریی ئاسمانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە درۆنییەكان دەكات، پشتیوانی لە هەوڵی تەواوكاری ئابووری ناوچەكەیش بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا و هاوبەشایەتی لەگەڵ ئەمەریكا لە میانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پێگەی "
ئەلمۆنیتۆر" دەكات.
لە پەراوێزی هەڕەشەی بەردەوامی درۆنەكان كە لە ئێران و لەلایەن میلیشیاكان لە ناوخۆی عێراق دژی هەرێمی كوردستان هەڵدەدرێن، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای بەهێزكردن و پشتیوانیكردنی بەرگریی ئاسمانی هەرێمی كوردستان دەكات.
دوا هێرشی درۆنەكان دووشەمی ڕابردوو ڕووی دا، كە نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت و ماڵی سەرۆكی ئاژانسی پاراستنی كردە ئامانج، ژمارەی ئەو هێرشانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەزار هێرشی تێپەڕاند، لەو كاتەوەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە 28ی شوبات/فێبرایەرەوە هێرشیان كردە سەر كۆماری ئیسلامی ئێران.
مەسروور بارزانی لە چاوپێكەوتنەكەدا دەڵێ، ئێمە ئیستفزاز و هەڕەشەی تەناهی نین بۆ سەر هیچ یەكێك لە دراوسێكانمان، وەك ئاماژەیەكیش بۆ ئێران دەڵێ، بۆچی هێرشمان دەكەنە سەر، پێویستە ئەوان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە.
زیاتر گوتی، ئەوان دەیانەوێ ئێمە بترسێنن و بمانخزێننە ناو ململانێیەك كە بە توندی ڕەتی دەكەینەوە و هیچ كات نامانەوێ ببینە بەشێك لێی.
لەبارەی ڕەتكردنەوەی بەرپرسیاریەتی هێرشەكە لەلایەن ئێرانەوە، سەرۆكی حكوومەت گوتی، لەو باوەڕەدام دەسەڵاتدارانی ئێران دەتوانن لێكۆڵینەوە لەبارەی چۆنیەتی بەكارهێنانی درۆنێكی لەمجۆرە بكەن كە هیچ كەس خاوەنی نییە جیا لەوان، لای هیچ كەسێكی تر نییە تا هێرشی لەمجۆرە ئەنجام بدات.
هاوكات سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، نیگەرانی خۆی لەبارەی كشانەوەی ئەو هێزانەی ئەمەریكا و هاوپەیمانان دەربڕی كە بۆ مەشق و پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان بوون و دووبارە دانانەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆتی ئەمەریكی دەربڕی.
لە بەشێكی تری قسەكانی سەرۆكی حكوومەت گوتی، ئێمە تا ئێستە نەمانتوانیوە سیستمی بەرگریی ئاسمانی بەدەست بهێنین، كە بتوانێ لە بەرانبەر ئەو هەڕەشانە بمانپارێزێت و هەوڵەكانیشمان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن. تا ئێستە پشتمان بەوە بەستبوو كە هاوڕێ ئەمەریكییەكانمان پێشكەشمانی دەكەن، سوپاس بۆ خوا هاوكارییەكانی ئەمەریكا سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێنا لە بەرپەرچدانەوەی زۆرینەی مووشەك و درۆنەكان كە ئاراستەی هەرێمی كوردستان كران.
زیاتر گوتی، ئێمە ڕووبەڕووی مەترسی دەبینەوە، ناكرێ ئەو هێرشانە بەردەوام بن و سیستمی بەرگریی ئاسمانی بكشێتەوە، ڕووبەڕووی مەترسی زۆر دەبینەوە، بۆیە ئەو دەرفەتە دەقۆزمەوە و داوا لە تەواوی دۆستەكانمان دەكەم كە هاریكاریمان بكەن لە دانانی ئەو توانایانە، تا بتوانین بەرگری لە خۆمان بكەین.
لەبارەی زەیدییەوە، مەسروور بارزانی، زەیدی بە سەركردەیەكی ڕاستەقینە و جێی متمانە و هاوڕێ ناو دەبات و دەڵێ، ئەو كارە ڕاستەكە بۆ وڵات دەكات و ئێمەیش پشتیوانی تەواوەتی خۆمان بۆ ئەو دەربڕیوە بۆ ئەو كارانەی دەیكات، لە ڕیشەكێشكردنی گەندەڵی و هەوڵدان بۆ ملكەچكردنی گرووپەكان بۆ ژێر دەسەڵاتی یاسا و چەكداماڵینی میلیشیاكان.
لەبارەی پێشبینییەكانی بۆ ئەو وادەیەی زەیدی تا 30ی ئەیلوول/سێپتێمبەر بۆ چەكداماڵینی میلیشیاكان دانراوە، مەسروور بارزانی گوتی، هیوا دەخوازم كە گرووپە چەكدارەكان بەر لەو وادەیە چەكەكانیان دابنێن، لەو باوەڕەدام هیچ لایەك نایەوێ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دروست ببێت، هیچ جۆرە ئاڵۆزییەك دروست ببێت، بەڵام لەسەر حكوومەت پێویستە كار بكات بۆ پاراستنی گەل و سەروەری و بەرگریی نیشتمان، بەڵام ئەو ئەركە زۆر قورسە.
ئایا دۆسیەی چەكداماڵینی میلیشیاكان پێوەستە بە پێشڤەچوونی پێوەندییەكان لە نێوان ئەمەریكا و ئێرانەوە؟ سەرۆكی حكوومەت لە وەڵامدا دەڵێ، خەڵك هەمیشە پێوەستن بەوەی چی لە عێراق ڕوو دەدات و چی لە ئێرانیش دەگوزەرێت، ئەوە ڕاستە و هۆكارەكەیشی ڕوونە، بەڵام دواجار ئەمە دۆسیەیەكی عێراقییە و لەسەر عێراقییەكان پێویستە بەر لە هەموو شتێك بیر لە بەرژەوەندیی نیشتمانی و ئاسایش و جێگری وڵاتەكەیان بكەنەوە، بێ ڕەچاوكردنی چۆنیەتی بەردەوامی ململانێكان لەگەڵ ئێران و پێشڤەچوونەكانی.
لە بەشێكی تری قسەكانی سەرۆكی حكوومەت، پشتیوانی لە هەوڵەكانی ئیدارەی ترەمپ بۆ جێگیریی ناوچەكە و تەواوكاری ئابووری، تیشكی خستە سەر هاریكارییەكان لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەمەریكا بە تایبەت لە بواری وزە و گوتی، پێشوازیمان لە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا كردووە و ئەمە دەسپێشخەرییەك بوو بەر لەوەی ڕێككەوتنیان لەگەڵ واژوو بكەین، ئەمەیش هانی بەغدای دا كە هەنگاوێكی هاوشێوە بگرێتەبەر.
مەسروور بارزانی ڕای گەیاند، تەنیا پێویستمان بەوە نییە سەرنجی كۆمپانیاكان ڕابكێشین و بیانهێنین، پێویستە ژینگەیەكی وەبەرهێنانی گونجاو بۆ كارمەندان و بەرژەوەندییەكانیان لە ناوچەكەدا دەستەبەر بكەین.
پرسی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، مایەی داخی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، كە دوای زیاتر لە 20 مانگ لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2024 تا ئێستە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكنەهاتووە و سەرۆكی حكوومەت گوتی، دەستی هاوڕێیەتی درێژ دەكەم و داوا لە هەمووان دەكەم بێنە ڕیزەوە تا حكوومەت پێكبهێنرێت و ئەمە بۆ بەرژەوەندیی گەلی كوردستانە.
لە تەوەرێكی تردا مەسروور بارزانی باسی لە گرنگی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا كرد و گوتی، دەزانم كە ئەمەریكا هێزەكانی لە عێراق دەكێشێتەوە، ئێمە پشتیوانی ئەو بڕیارە ناكەین، بەڵام ئومێدی ئەوەیش دەخوازین، ئەو كشانەوەیان نەبێتە هۆی دروستبوونی بۆشاییەكی تەناهی لە ناوچەكە، دەمانەوێ بەردەوام بین و پێوەندیی پتەومان لەگەڵ ئەمەریكا هەبێت، تەنیا لە سنووری هاریكاری تەناهی نەمێنێتەوە و بگرە فراوانتر ببێت بۆ هاوبەشی ئابووری و سیاسی، هەرێمی كوردستان هەمیشە وەك هاوبەشی جێی متمانە و باوەڕپێكراوی ئەمەریكا لە ناوچەكە دەمێنێتەوە.