ناسا شكستی هێنا لە ڕزگاركردنی سویفت و 30 ملیۆن دۆلار تێچوویەتی

:: AM:10:06:20/08/2026 ‌
ئاژانسی بۆشاییگەری گەردوونی ئەمەریكا "ناسا" ئاشكرای كرد، شكستی هێناوە لە ئەركی ڕێگرتن لە سووتان و ڕزگاركردنی تەلیسكۆپی سویفت لە بەرگەهەوا، بەهۆی نەتوانینی كۆنترۆڵكردنی لە ئاسمانەوە.

چاوەڕوان دەكرێ كە تەلیسكۆپی سویفت لە گەردوونەوە بكەوێتە خوارەوە و ببێتە هۆی دروستبوونی تەقینەوەیەكی گەورە لەو كاتەی لە ڕێگەیە تا بێتەوە سەر زەوی، لە ڕێگەیشدا لێكهەڵدەوەشێتەوە و لە كاتێكی ئەمساڵ دەكەوێتەوە سەر زەوی.

زانایان و ناسا هەوڵی زۆریان دا بۆ ڕزگاركردنی تەلیسكۆپەكە و رۆبۆتیان بە گوژمەی 30 ملیۆن دۆلار دروست كرد و ڕەوانەی گەردوونیان كرد، تا بتوانن لەو ڕێگەیەوە تەلیسكۆپەكە ڕزگار بكەن،  ئەركی ڕۆبۆتەكەیش ئەوەبوو تەلیسكۆپەكە بێنێتەوە سەر ئەو خولگەیەی بۆی دیاری كراوە، بەڵام شكستی هێنا.

جارید ئایزكمان بەڕێوەبەری ئاژانسی ناسا گوتی، ئەمە ئەو ئەنجامە نەبوو كە ئێمە هەوڵی بەدیهێنانیمان دەدا، بەڵام ئەو ڕاستییە ناگۆڕێت كە ئەو ئەركە شیاوی ئەوەبوو هەوڵی بۆ بدەین.

زیاتر گوتی، تیمەكانمان دەیانویست دەرفەتێكی تر بە سویفت بدەن، بۆ ئەوەی توێژینەوەی زیاتری پێ بكرێ و سوود لە تواناكانی وەربگرین، تا لە داهاتوودا ئەنجامی گەڕان و توێژینەوەكانی بخەینە خزمەتی مانگە دەستكردەكانەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د