تیپی هونەرە میللییەكانی هەولێر لە پۆڵەندا دەدرەوشێتەوە

:: PM:05:09:20/08/2026 ‌
بۆ جاری دووەم، تیپی هونەرە میللییەكانی شاری هەولێر لە چوارچێوەی بەشداریی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شاری پۆلسك لە كۆماری پۆڵەندا، بە پێشكەشكردنی چەند تابلۆیەكی سەرنجڕاكێشی شایی و هەڵپەڕكێی ڕەسەن، جەماوەر و بەشداربووانی فێستیڤاڵەكەی خۆشحاڵ كرد.

لە نمایشی تیپە میللییەكانی وڵاتانی دنیا، تیپی هەولێر بە جلوبەرگی نەتەوەیی كوردی، لەگەڵ مۆسیقای نەریتی، گۆرانی و هەڵپەڕكێ، چەندان تابلۆی هونەرییان پێشكەش كرد و لە ناوەڕاستی نمایشەكەدا ئاڵای كوردستانیان بەرزكردەوە؛ دیمەنێك كە بە شێوەیەكی تایبەت سەرنجی جەماوەر و میوانانی فێستیڤاڵەكەی ڕاكێشا.

ئەم بەشدارییە هەنگاوێكی گرنگە بۆ ناساندنی كولتوور، هونەر و ناسنامەی ڕەسەنی كوردی لەسەر پلاتفۆرمێكی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی لە ڕێگەی هەڵپەڕكێ و موزیكی نەریتی و جلوبەرگی كوردییەوە.

تیپی هونەرە میللییەكانی هەولێر لە ماوەی بەشداریی خۆیدا، چەندان تابلۆی هەڵپەڕكێ و نمایشە فۆلكلۆرییە كوردییەكان لەگەڵ تیپ و گرووپە هونەرییەكانی وڵاتانی جیاواز پێشكەش دەكات، بەمەش دەنگ و ڕەنگی كولتووری كوردی دەگەیەنێتە دنیا. 

جێی ئاماژەیە كە شاندێك بە سەرپەرشتی سیروان عوسمان بەرێوەبەری گشتی هونەر و رۆشنبیری هەولێر، سابیر حوسێن بەرێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر، هیمداد لەشكری، بەرێوەبەری تیپی هونەرە میللییەكانی هەولێر، لەگەڵ تیپە میللییەكانی هەولێر وەك شاندی پارێزگای هەولێر سەردانی وڵاتی پۆلۆنیایان كردوە و ماوەی هەفتەیەك لە چالاكییەكان بەشدار دەبن.

وشە/ فەیسەڵ شێخانی 



وشە - وشه‌