"فەرمانبەرانی گرێبەست دەكرێن بە هەمیشەیی و مووچەی پێشمەرگە هاوتا دەكرێت"

:: PM:06:17:22/08/2026 ‌
د. شاخەوان عەبدوڵا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق باسی چەك دانانی گرووپە چەكدارەكانی عێراق دەكات و دەڵێ‌، زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی خستووەتە ژێر بارێكی قورس لەوبارەیەوە، پێشی وایە ئەگەر وادەی چەكداماڵین كۆتایی بێت و رووبەڕووبوونەوە روونەدات دەبێت ماوەكەیان بۆ درێژ بكرێتەوە. 

لە بەشێكی قسەكانی بۆ "وشە" دووپات لەوەیش دەكاتەوە كە هەوڵی زۆر هەیە لە بودجەی ئەمساڵدا فەرمانبەرانی گرێبەستنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكرێن بە هەمیشەیی. 

30ی ئەیلوول زۆری نەماوە، ئایا گرووپەكان چەك دادەنێین؟ 
عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە و لە هەموو دیدارەكانیشدا باسی ئەوەی كردووە كە لە دوای 30ی ئەیلوولەوە مامەڵەیەكی جیاواز لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان دەكات، ئەگەر ئەو هێزانە چەك دادەنەنێن، هەرچەندە من پێم وایە پڕۆسەیەكی قورسە و سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی خستووەتە ژێر بارێكی قورس كە رەنگە زەختێكی نێودەوڵەتی لەسەر بێت، ئەوە پێوەندی راستەوخۆی بە لایەنی تەناهیی و كێشەی داراییەوە هەیە، بۆیە چاوەڕوانی كۆتایی هاتنی وادەكەی دەكەین بزانین چارەسەر دەبێت یان نا.

مەترسیی دروست دەبێت ئەگەر چەك دانەنرێت؟
ئەوەی من بیستوومە رووبەڕوبوونەوە روونادات، ئەگەر ئەوە روو نەدات، دەبێت ماوەكەیان بۆ درێژ بكاتەوە یان شەڕ دروست بێت، بۆ ئەو قۆناغەیش دروستبوونی شەڕ لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان قورسە. 

لەبارەی بودجەی عێراق، باسی مووچەی هێزە تەناهییەكان و پێشمەرگە كراوە؟ 
لە پڕۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵدا كار بۆ كۆمەڵێك پرس دەكرێت، لەوانە بەهەمیشەییكردنی گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان كە چەندان ساڵە گرێبەستن و مافی خۆیانە دابمەزرێن، هەروەها بابەتی هاوتاكردنی مووچەی پێشمەرگە بە هێزەكانی تری عێراق و گواستنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایانی پەروەردەی كوردی كە دەبێت چارەسەر بكرێن، هەروەها كۆمەڵێك بابەتی تر كە پێشتر گفتوگۆی لەسەر كراوە، لە بەغدایش هەوڵ دەدەین ئەو بابەتانەی كە مافی كوردستانە شەڕی لەسەر بكەین. 

یەكدەنگی هەیە لەنێوان فراكسیۆنەكان لەسەر ئەو بابەتانە؟ 
بەڵێ‌، قسە لەگەڵ تەواوی فراكسیۆنەكان كراوە كە بەركەوتی"ئیستحقاقی" حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی تەواوەتی بدرێت. 

ئێستە بابەتێكی تر لە عێراق گەرمە، ئەویش لابردنی سفری سەر دراوی عێراقییە، ئەوە بە چی گەیشت؟ 
یەكێك لە هۆكارەكانی سفر لادان لەسەر دراو ئەوەیە ئەو پارەی لەدەرەوەی بانكەكانە بگەڕێتەوە ناو بانكەكان، بەڵام جارێ‌ دیار نییە كە سفرەكان لادەبەن یان عمولە دەگۆڕن و دواتر بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت. 

تەعریبێكی تر ڕووی لە كەركووك كردووە كە كۆمپانیای نەوت فەرمانبەرانی كورد دانەمەزرێنێت و ئێستە زۆرینەی فەرمانبەران عەرەبن؟ 
بۆ ئەوەی رێگری لێ‌ بكرێت، پێشتر هەوڵمانداوە كە ئەوەی خەڵكی كەركووك نەبێت زەوی پێ نەدرێت، بەو هۆیەیشەوە هەزاران مامەڵە راگیراون و وەزیری شارەوانیش لەسەر داوای ئێمە راگرتنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی ئەو كۆمپانیایە راگرتووە تا چارەسەری كێشەی كەركووكییەكان نەكرێت. 



وشە - وشه‌