شەڕی رووسیا و ئۆكراینا بەردەوامە، سەرەڕای ناهاوسەنگیی توانای سەربازیی هەردوو وڵات و سەركەوتنەكانی رووسیا لە كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەكی تری خاكی ئەو وڵاتە، بەڵام ئۆكراینا لە بەرگریكردن و تەنانەت هێرشكردنە سەر رووسیا و قووڵایی خاكەكەی بەردەوامە، ئەمڕۆ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا ئاماژەی كرد كە بەهۆی هێرشەكانی دوایی ئۆكراینا دەرگەی دۆزەخی بە رووی خۆیدا كردووەتەوە.
پوتین لە دیدارێكی لەگەڵ رۆژنامەی "ڤیستی" گوتی، ئۆكراینا بە هێرشەكان بۆ سەر ئامانجە ئابوورییە رووسییەكان، دەرگەی دۆزەخی بە رووی خۆیدا كردووەتەوە، لەوكاتەی وەڵامدانەوەی رووسیا بۆ ئەو هێرشانە كاریگەرتر بووە و بە هێرشی توندتر بۆ سەر ئابووریی ئۆكراینا وەڵامی داوەتەوە.
لە ماوەی رابردوو ئۆكراینا هێرشە ئاسمانییەكانی لە رێگەی درۆنەكانەوە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی رووسیا چڕتر كردووە، لەوانە بۆ سەر پاڵاوگەكانی نەوت و ئەمبارەكان، وەك هەوڵێك بۆ لاوازكردنی پاڵپشتیی سەربازیی رووسیا، لەو كاتەی رووسیا هێرشی هاوشێوەی كردووەتە سەر ژێرخانی وئابووری ئۆكراینا، بەتایبەتی دەروازەكانی هەناردنی گەنم لە دەریای رەش.
پوتین دووپاتی كردەوە كە ئۆكراینا بە كردنەئامانجی ئابووری وڵاتەكەمان دەرگەی دۆزەخی بەسەر خۆیادا كردووەتەوە و با چاوەڕوانی وڵامی توندتر بۆ سەر كەرتە هەستیارە ئابوورییەكانیان بكەن.