بنەماڵەی هونەرمەندی گەورە ماملێ لە كچە بلۆگەرەكە خۆش بوون و داوا دەكەن، لەوە زیاتر ئازاری ئەو كچە لاوە نەدرێت و هەڵەیەكیگەنجانەی كردووە، پێویست ناكات خۆی و بنەماڵەكەی تووشی كێشە ببن.
سەیران عەرەبی بلۆگەر لە گرتە ڤیدیۆیەكدا لە لاپەڕەی ئینستاگرامی خۆی، بە شێوازێكی "گاڵتەجاڕانە" باسی لە شێوازی گۆرانیگوتنی ماملێی كردبوو. هەرچەندە ئەو دوای كاردانەوە توندەكان، ڤیدیۆكەی سڕییەوە و لە دوو ڤیدیۆی تردا بە فەرمی داوای لێبوردنی كرد و گوتی، "هەڵەم كردووە و ددان بە هەڵەی خۆمدا دەنێم"، بەڵام پۆلیسی مەهاباد گرتیان.
لە دوای ئەو كارەی كچە گەنجەكەی مهاباد، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا شەپۆلێكی توندی ناڕەزایەتی لەلایەن خەڵك و ناوەندە ئەدەبییەكانەوە هاتە ئارا.
لەمبارەیەوە وریا ماملێ لە نووسینێكدا رای گەیاندووە، بەداخەوە كچە لاوێكی كورد، لە ڕووی نەزانی و تەمەنی لاوییەوە، هەندێك لێدوانی داوە كە بووەتە هۆی ئازاردانی دڵی هەوادارانی هونەری كوردی و ماملێی نەمر.
دەشڵێت، ئەم بابەتە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و میدیاكاندا كاردانەوەی زۆری لێ كەوتووەتەوە، وەك ئاگادار كراومەتەوە، هەڕەشەیەكی زۆر لەو كچە كراوە. تەنانەت كار گەیشتووەتە ئەوەی پۆلیسی ئێران دەستبەسەری بكات، ئەوەش "تەنیا بۆ پێشاندانی ئەوەی كە دۆخەكەیان كۆنترۆڵ كردووە".
وریا بەناوی بنەماڵەی ماملێوە دەڵێت، هەموومان لەو تەمەنەدا ژیاوین، لاو بووین و هەڵەشمان كردووە، یان خۆمان منداڵمان هەیە و دەزانین دەكرێت منداڵەكانیشمان تووشی هەڵە ببن. پێویستە هەموومان وەك هەڵەیەكی كاتیی گەنجێكی بێ ئەزموون سەیری ئەم بابەتە بكەین و لەوە زیاتر گەورەی نەكەینەوە. دەبێت دڵمان گەورە بێت. دڵنیام ئەگەر ئێستە ماملێ خۆی لە ژیاندا بمایە، بە هەمان ڕوانگەی بەخشندەییەوە سەیری ئەم ڕووداوەی دەكرد.
وریا تكا لە خەڵكی دڵسۆزی كوردی مهاباد و رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، لەوە زیاتر گوشار نەخەنە سەر ئەو كچە و بنەماڵە بێتاوانەكەی. وەك ماملێ بە دڵێكی فرەوانەوە بیبوورن، تا ڕووداوێكی نەخوازراو ڕوو نەدات كە دواتر پەژیوانی و زیانی لێ بكەوێتەوە و قەرەبوو نەكرێتەوە. هەروەها ناهێڵین ناحەزانیش ئەم بابەتە بۆ مەرامی خۆیان بەكار بهێنن و نان و پیازی پێوە بخۆن. لە بیرمان نەچێت كە لێبوردەیی و بەخشندەیی بەشێكی جوان لە كولتووری كۆمەڵگەكەمانە و دەبێت شانازیی پێوە بكەین.