وەك یەكەم هونەرمەندی شێوەكاری كورد، حەمە هاشم نووسەر و شێوەكار بەشداری لە پێنجەمین كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی هونەری لە ئەڵمانیا كردوو دوو تابلۆی گەیشتە لووتكە.
حەمە هاشم، نووسەر و هونەرمەندی شێوەكاری كورد، بە دوو تابلۆی هونەری، بەشداری لە پێنجەمین كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی هونەری لەژێر ناونیشانی "لە لوتكەدا" كرد، كە لە كریفێڵدی ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت.
حەمە هاشم شێوەكاری كورد كە خاوەنی چەندان كتێبی هونەرییە، بۆ "وشە" گوتی، وەك هونەرمەندێكی كورد، بەشداری لەم كۆڕبەندەدا دەرفەتێكی گرنگە بۆ ئەوەی لەگەڵ هونەرمەندانی وڵاتانی جیاواز ئاڵوگۆڕی ئەزموون بكەم و لە هەمان كاتدا بەشێك لە هونەر و كولتووری كوردی لە ژینگەیەكی نێودەوڵەتیدا بناسێنم
روونیشی كردەوە كە تابلۆكانی قەبارەیان گەورەیە و هەریەك مەتر و نیو بە مەتر و نیو گەورەن و تەكنیكی كارەكان ئەبستراكتی دەربڕین خوازییە. كارەكانم تەنیا پێوەرێكی ئەندازەیی نییە، بەڵكو مەیدانێكە بۆ پەرەسەندنی وزە سەركێشەكان. لەم پانتاییە فراوانەدا، تابلۆ لە تەنێكی سەر دیوار دەردەچێت و دەبێتە قەوارەیەكی زیندوو؛ رووبەرێك كە تێیدا رەنگ و هێڵەكان دەتوانن بە ئازادی گەشە بكەن و قووڵاییەكی بێسنوور بۆ بینەر بخەنە روو.
روونیشی كردەوە كە چاوی مرۆڤ لەبەردەم ئەم پانتاییەدا ناتوانێت لە یەك خاڵدا قەتیس بمێنێت، بەڵكو ناچارە بەناو گرێ كوێرەكان، شوێنە تاریكەكان و تیشكە چاوەڕواننەكراوەكانی ناو تابلۆكەدا بگەڕێت، تا لە ناخەوە لەو جیهانە دەربڕینخوازییەدا نغرۆ ببێت.
پێنجەمین كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی هونەری لەژێر ناونیشانی "لە لوتكەدا"، هەینی، 21ی ئابی 2026، بەبەشداری حەمە هاشم هونەرمەندی شێوەكاری كورد، لە كریفێڵدی وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو و ماوەی هەشت رۆژ بەردەوام دەبێت.