ئەمڕۆ سێشەم 25ی ئابی 2026، وەزارەتی پەروەردەی سووریا ڕای گەیاند کە دەست دەکەن بە خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا وەک وانەیەکی ئارەزوومەندانە بە تێکڕای دوو وانە لە هەفتەیەکدا، ئەمەش لە ساڵی خوێندنی 2026-2027ـەوە بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا)، ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە مەرسوومی ژمار 13 کە ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا لە 16ی کانوونی دووەمی 2026 دەری کردووە. لە بڕگەی یەکەمی مەرسوومەکەدا هاتووە کە هاووڵاتییانی کورد بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنن لە گەلی سووریا، هەروەها ناسنامەی كولتووری و زمانییان بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی نیشتمانیی فرەڕەنگ و یەکگرتووی سووریا.
لە بڕگەی سێیەمی مەرسوومەکەشدا، زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی هەژمار کراوە، و ڕێگە دراوە لەو ناوچانەی کە کورد تێیاندا ڕێژەیەکی بەرچاو پێکدەهێنێت، لە قوتابخانە حكوومی و تایبەتەکاندا بخوێنرێت، ئەویش لە چوارچێوەی پرۆگرامە ئارەزوومەندانەکان یان وەک چالاکییەکی كولتووری و پەروەردەیی.
بەپێی پلانی خوێندنەکە، زمانی کوردی وەک وانەیەکی ئارەزوومەندانە بۆ قوتابیان دادەنرێت و هەفتەی دوو وانە لە سەرجەم پۆلەکاندا دەخوێنرێت. نمرەی وانەکە لە کۆی گشتیی نمرەکاندا هەژمار دەکرێت، بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر دەرچوون یان دەرنەچوونی قوتابی هەبێت، بۆ ئەوەی دەرفەتی فێربوونی زمانی کوردی بە قوتابیان بدرێت بێ ئەوەی وانەکە ببێتە بارگرانییەکی تری خوێندن بەسەریانەوە.
بەپێی ڕێنوێنییەکان، سەنتەری نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن ڕاسپێردراوە بۆ ئامادەکردنی پرۆگرامی زمانی کوردی بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لە ماوەیەکدا کە لە شەش مانگ تێپەڕ نەکات، بۆ ئەوەی پرۆسەکانی ئامادەکردن، پەسەندکردن و چاپکردن پێش دەستپێکی ساڵی خوێندنی 2026-2027 تەواو ببن.
هەروەها هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و سەرپەرشتیی پەروەردەیی ڕاسپێردراون بۆ دابینکردنی کادیری پێویست بۆ وانەگوتنەوە لە ناو میلاک یان دەرەوەی میلاک، بە مەرجێک تاقیکردنەوەی نووسین و زارەکی بۆ پێشکەشکاران بکرێت تا دڵنیا ببنەوە لە شارەزاییان لە زمانی کوردی، لەگەڵ ڕێکخستنی پرۆگرامی ڕاهێنان بۆ ئەو مامۆستایانەی ئەرکی گوتنەوەی وانەکەیان پێ دەسپێردرێت.