ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك 15 منداڵی تازه‌ له‌ دایكبووی كوشت

:: AM:08:42:26/08/2026 ‌
له‌ ئه‌نجامی كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر له‌ نخۆشخانه‌یه‌كی ئیسلام ئابادی پایته‌ختی پاكستان، به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 15 منداڵی تازه‌ له‌ دایكبوو گیانیان له‌ ده‌ست دا.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كه‌ناڵی "جیو نیوز" كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌كانی تیمی به‌هاناوه‌چوون ده‌ستی كه‌وتووه‌، ئاگره‌كه‌ به‌هۆی گوشار و په‌ستان له‌سه‌ر ئامێرێكی ساردكه‌ره‌وه‌ی هۆلێكی حه‌واندنه‌وه‌ی منداڵانی تازه‌ له‌ دایكبوو له‌ نه‌خۆشخانه‌كان دروست بووه‌.

ئاماژه‌ی داوه‌، كه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ هی په‌یمانگه‌ی پاكستانی بۆ زانستی پزیشكییه‌ و دوای كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌یش تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی و به‌هاناوه‌چوون ده‌سبه‌جێ گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنه‌كه‌ و ده‌ستیان به‌ كاره‌كانیان بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ و ڕزگاربوونی منداڵ و كه‌سانی نێو نه‌خۆشخانه‌كه‌ كردووه‌.

زانیارییه‌كان دووپات له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، 15 منداڵه‌ مردووه‌كه‌ له‌ ئه‌نجامی خنكان به‌هۆی دووكه‌ڵی زۆر و سووتانی به‌شێكی جه‌سته‌یان گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌.


وشە - باز ئه‌حمه‌د