شیعرێكی تەرزە جاف بە ناوی "ژن كە دەڕۆن، خودا غەزەبیان لێدەگرێت، باڵ دەگرن!"، دەكرێتە ئۆپێرا و پایزی ئەمساڵ لە هۆڵەندا نمایش دەكرێت.
دەقی شیعریی ئەم ئۆپێرایە، بە ناونیشانی "ژن كە دەڕۆن، خودا غەزەبیان لێدەگرێت، باڵ دەگرن!" یەكێكە لە شیعرە گرنگەكانی شاعیری دیاری كورد تەرزە جاف، هوبا دی گراف خانمە موزیكدانەری هۆڵەندی، پاڵپشت بە پەیامی شیعرەكە، ئۆپێرای لێ بەرهەم هێناوە.
پێشتر ئەم ئۆپێرایە لە میانی فێستیڤاڵی گەورەی هۆڵەندا ستایشێكی زۆر كراوە، ئێستە گەشتێكی هونەریی بۆ ئەنجام دەدرێت و بڕیارە لە سێ شاری هۆڵەندا نماش بكرێت.
لە دووی سێپتێمبەر لە فێستیڤاڵی كولتووری نۆڤا، حەوتی تشرینی یەكەم لە شانۆی HNTلە دێنهاخ، نۆی تشرینی یەكەم لە شانۆی زوایدپلێین لە ڕۆتەردام نمایش دەكرێت.
تەرزە جاف شاعیر و وەرگێڕ، ساڵی 1972 لە سلێمانی لە دایك بووە، ساڵی 1995 بەكالۆریۆسی لە بواری جیۆگرافیا بەدەست ھێناوە. ساڵی 2016 وەك پێشكەشكار كاری كردووە، خاوەنی چەند بەرهەمێكە لە بواری وەرگێڕان و شیعردا و چەندان بابەتی هەمەلایەنەی لە گۆڤار و رۆژنامەكان بڵاو كردووەتەوە. ئەگەرچی شیعری كەم نووسیوە، بەڵام شیعرەكانی پوخت و گرنگ و تایبەتن.