ئەمڕۆ لەبارەی داستانی خواكوڕك فیلمێك لە هەولێر نمایش دەكرێت

:: AM:11:08:26/08/2026 ‌
سەعات شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم 26ی ئاب، فیلمی دۆكیۆمێنتاریی "52 ڕۆژ" لە سینەما ئیمپایەر لە فامیلی مۆڵی شاری هەولێر نمایش دەكرێت.

 ئەم بەرهەمە كە چیرۆكەكەی لە ڕووداوە ڕاستەقینەكانی داستانی مێژوویی خواكوڕكەوە وەرگیراوە، لەلایەن كرمانج مستەفا ڕەئووفەوە دەرهێنراوە و نینۆس نەمروود خاوەنی بیرۆكەكەیەتی.

فیلمەكە تیشك دەخاتە سەر یەكێك لە قۆناغە هەرە سەخت و پڕ بایەخەكانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان، كە تێیدا هەوڵ دراوە لایەنە جیاوازەكانی ئەو ململانێیە بە شێوازێكی سینەمایی نوێ بەرجەستە بكرێن. 

لەم بەرهەمەدا سیناریۆ لەلایەن كامل فەخرەدینەوە ئامادە كراوە و مستەفا حەمەد ئەمین كاری نووسینی بۆ كردووە، هەروەها یوسف عوسمان وەك ئەكتەری سەرەكی ڕۆڵ دەگێڕێت.

 جێگەی ئاماژەیە كە لەم فیلمەدا تەكنەلۆجیای زیرەكیی دەستكرد (AI) لەلایەن وەرین نەجات ناوی بۆ بەرهەمهێنانی ڤیدیۆ بەكار هێنراوە، ئەمەش هەنگاوێكی نوێیە لە سینەمای كوردیدا بۆ بازسازی كردنی ڕووداوە مێژووییەكان.

داستانی خواكوڕك كە لە ساڵی 1988دا و لە ژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی سەرۆك بارزانی بەڕێوەچوو، وەك وێستگەیەكی مێژوویی بەرگریی پێشمەرگە بەرانبەر سوپای ڕژێمی پێشوو دەبینرێت.
 
ناوەڕۆكی فیلمەكە سوود لە یەكێك لە پەرتووكە مێژووییەكانی سەرۆك بارزانی و ئەرشیفی ڤیدیۆییەكەی وەرگیراوە، هەروەها لە هەندێك شوێنی فیلمەكەدا تەكنەلۆژیای ژیریی دەستكرد بەكارهاتووە.
بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و ڕۆشنبیریی هەولێر بە پاڵپشتیی دارایی پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەی سینەما و جەماوەری هەیە، كە تێیدا هەفتانە فیلمێكی سینەمایی بێبەرامبەر نمایش دەكات، بە ئامانجی بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی زیاتر و ئاشتكردنەوەی بینەر لەگەڵ هۆڵی سینەمادا.



وشە - سۆران عەزیز