"خواژنان" بڵاو كرایەوە و كتێبەكە گەشتێكە بەناو دنیای دێرین و نوێدا

:: AM:10:14:27/08/2026 ‌
كتێبی "خواژنان" لە نووسینی جۆزێف كامبڵ و وەرگێڕانی سەڵاح حەسەن پاڵەوان، دەزگای سەردەم چاپ و بڵاوی كردەوە، پاڵەوان تا ئێستە شەش كتێبی كامبڵی وەرگێڕاوە.

'لەبارەی ناوەڕۆكی كتێبەكەوە، سەڵاح حەسەن پاڵەوان بۆ "وشە" گوتی، "خواژنان" خوێندنەوەیەكی میتۆلۆجی و سایكۆلۆجییە، گەشتێكە بەناو دنیای دێرین و نوێ، گەڕانە بەدوای ئەو شارستانیانەی كە تێیدا خواگەلێك دروست بوون، خواكانی ژن كە نوێنەرایەتیی هێزی مێینەیان كردووە، هەر لە ئەفرۆدێت لای گریكەكان عەشتار لە وڵاتی نیوان دوو رووبار.

بەبۆچوونی سەڵاح، جۆرزێف كامبڵ هەوڵ دەدات باس لە كاریگەری هێزی مێینە بكات بەسەر گەردوون و سروشت و هەردوو دنیای سەرەوە و خوارەوە. 

باسی لەوەش كردووە، زۆر لەو سەختییانەی ئەمڕۆ ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرن كە ئەوان لە دنیا لە ڕووبەرێكی كاردا دەجووڵێنەوە كە پێشتر پیاوان بەتەواوی داگیریان كردبوو، بۆیە لەم میانەیەدا ژنان نموونەی ئەفسانەیی مێینەی خۆیان نییە.

لە كتێبەكەدا هاتووە، ژن لە پێوەندییەكی كێبەركێئامێزدا خۆی لەگەڵ پیاودا دەبینێتەوە، لەم پێوەندییەدا لەوانەیە ڕەنگوبۆی سروشتیی تایبەتیی خۆی لە دەست بدات. ئەو لە خودی خۆیدا شتێكە، لە ڕووی نەریتییەوە (بۆ ماوەی نزیكەی چوار ملیۆن ساڵ) پێوەندیی نێوان ئەو شتە و نێر، وا ئەزموون كراوە و پێشان دراوە، نەك وەك ئەوەی كێبەركێیەكی ڕاستەوخۆیە، بەڵكو پێوەندییەكی هەرەوەزی و هاوكاریكردنە لە یەك ئەزموونی هاوبەشدا كە بریتییە لە بەردەوامیدان بە ژیان و پاڵپشتیكردنی.



وشە - سۆران عەزیز