نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی

:: AM:10:25:28/08/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 28ی ئابی 2026، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران چاوەڕێی لێدوانەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمەریکان لە کۆنفرانسی جاکسن هۆڵ، نرخی زێڕ و کانزا گرانبەهاکانی تر لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینیان بەخۆوە بینی، ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بەرزترین ئاستیان تۆمار کردبوو.

دابەزینی نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بەڕێژەی 0.5% بوو، بەوەش نرخی هەر ئۆنسەیەک گەیشتە 4576.30 دۆلار، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بەهۆی ڕێکارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بۆ پشتگیریکردنی قەواڵە دارایییە درێژخایەنەکان، نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگی ڕابردوودا. لە لایەکی ترەوە، نرخی گرێبەستە ئایندەیییەکانی زێڕ بەڕێژەی 0.8% دابەزی و گەیشتە 4629 دۆلار.

لەبارەی هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییانەوە، مات سیمپسۆن شرۆڤەکاری دیار لە دامەزراوەی ستۆن ئێکس دووپاتی دەکاتەوە کە ئەو هۆکارانەی پاڵ بە کێڤن وۆرش سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمەریکاوە دەنێن بۆ گرتنەبەری سیاسەتێکی توندی نەختینەیی، زۆر بەهێزترن لەو هۆکارانەی کە وای لێ دەکەن ئەو هەڵوێستە نەگرێتە بەر.

بەپێی ئامارەکانی ئامرازی فید وۆچ، مامەڵەکاران پێیان وایە کە بە ئەگەری 33.9% بانکی ناوەندیی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلوولدا ڕێژەی سوود بەرز دەکاتەوە، هەروەها ئەو ئەگەرە بۆ مانگی کانوونی یەکەم دەگاتە 74%. سەرەڕای ئەوەی کە زێڕ وەک پەناگەیەک بۆ پاراستنی سەرمایە لە کاتی هەڵاوساندا سەیر دەکرێت، بەڵام لە کاتی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سووددا بەهایەکەی دادەبەزێت، چونکە هیچ قازانجێکی زیادە (سوود) نادات بە وەبەرهێنەران.


وشە - پۆڵا مەحموود