كەنالی فۆكس نیوزی ئەمەریكی ئاشكرای دەكات رێگە بە تەیف سامی وەزیری پێشووی دارایی عێراق نادرێت سەردانی ئەمەریكا بكات چونكە خراوەتە لیستی چاودێری تیرۆر.
ئەمڕۆ هەینی 28ی ئاب كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمەریكی زانیاری لە بەرپرسانی ئەمەریكی وەرگرتووە، كە رێگە بە تەیف سامی وەزیری پێشووی دارایی نادرێت سەردانی ئەمەریكا بكات چونكە ناوی لە لیستی چاودێری تیرۆرە.
پێشتر ئەمەریكا خەڵاتی بە تەیف داوە و وەك یەكێك لە ژنە ئازاكان وەسفی كردووە، بەڵام بەمدواییە تەیف سامی بەوە تۆمەتبار دەكرا هاوكاری میلیشیاكانی عێراق دەكات بۆ ئەوەی سوودمەند بن لە سامانی عێراق كە ئەو میلیشیایانەیش سەر بە ئێرانن.
لە راپۆرتێكی رۆژنامەی نەهاری لبنانی و فۆكس نیوزی ئەمەریكی زانیاری ئەوە بڵاوكراوەتەوە، دوای ئەوەی تەیف سامی وەزیری پێشووی دارایی عێراق خراوەتە لیستی چاودێری تیرۆرەوە، عێراقی جێهێشتووە.
دیلان جۆنسن یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گوتویەتی، "حكوومەتی سەرۆك ترەمپ كار دەكات بۆ ئەوەی سەفەركردن بۆ ئەمەریكا لە چەندان بەرپرسی تر قەدەغە بكات كە بە هەڕەشەیان دەزانێت" ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە ئێستە تەیف سامی لە دەرەوەی عێراقە".