كێشەی سەردانی ئێران بە ئۆتۆمبێلی خۆتان چارەسەر دەكرێت

:: AM:10:21:29/08/2026 ‌
كۆبوونەوەیەك لەسەر چارەسەركردنی كێشەی ئۆتۆمبێلی گەشتیاریی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كراوە، بەمنزیكانە بڕیارێك دەدرێت هاووڵاتییان و گەشتیاران دەتوانن بە ئۆتۆمبێلەكانی خۆیان سەردانی ئێران بكەن.

ئەمڕۆ شەموو 29ـی ئاب، بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە نێوان بەرپرسانی دەروازەی حاجی ئۆمەران لەگەڵ بەرپرسانی ئێران كراوە، تێیدا چارەسەری كۆتایی بۆ كێشەی سەردانی گەشتیاران بە ئۆتۆمبێلی خۆیان كراوە.

ئەوەیش زانراوە، باس لەسەر كێشە و گرفتەكانی بەردەم چوونی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران بە ئۆتۆمبێلە تایبەتییەكانی خۆیان كراوە.

بەپێی زانیارییەكان، هەردوولا لەسەر میكانیزمێكی جێبەجێكردن گەیشتوونەتە رێككەوتنی كۆتایی و بەمنزیكانە دەچێتە واری جێبەجێكردن.

دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بڵاوی كردەوە، لە دوای دانوستاندن و گفتوگۆیەكی درێژ و دانانی رێكار و میكانیزمێكی گونجاو بۆ رێكخستن و رێگەپێدان و چوونی ئۆتۆمبێلی گەشتیاری هەرێمی كوردستان بۆ ئێران، گیرانەبەر و دەكەوێتە واری جێبەجێكردن.
 



وشە - رامیار جەواد