كتێبخانەی بەریتانیا (EAP) بە پاڵپشتیی دامەزراوەی ئاركادیا، پاڵپشتی دارایی زانكۆی سلێمانی بۆ پاراستنی ئەرشیڤی دەنگی دەكات، یارمەتییەكە بۆ 18 مانگە.
زانكۆی سلێمانی بەدەستهێنانی "پشتیوانی دارایی/گرانت" ی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی بەرنامەی ئەرشیڤە مەترسیدارەكان لە كتێبخانەی بەریتانیا (EAP) ، بۆ دیجیتایزكردن و پاراستنی ئەرشیڤی دەنگی ڕادەگەیەنێت، كە بە پاڵپشتیی دامەزراوەی ئاركادیا بەڕێوەدەچێت.
پڕۆژەكە بە ناونیشانی "سازدانی ئەرشیڤ: تۆمارە دەنگییەكانی كۆكراوەی ئۆسكار، كوردستان و عێراق، ١٩٠٠–١٩٥٠» (لە ژێر كۆدی EAP1824 KURDA) بۆ ماوەی ١٨ مانگ بەردەوام دەبێت، تێیدا (د. هەردی كوردە) توێژەری سەرەكییە و دامەزراوەی «ئەرشیڤخانە» وەك هاوبەشی ئەرشیڤیی ناوخۆیی بەشدارە.
مامۆستا ڕازان عومەر لێپرسراوی ئۆفیسی گرانت لە زانكۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە دا كە ئامانجی سەرەكی، دیجیتایزكردن و پاراستنی كۆكراوە دەنگییە مێژووییەكەی شوان ئۆسكارە لە سلێمانی.
ئەم كۆكراوەیە بەشێكی گرنگ لە ژیانی ڕۆژانە، موزیك و میراتی كولتووری كوردستان و عێراق تۆمار دەكات، فرەچەشنیی موزیكیی كۆمەڵگە جیاوازەكانی ناوچەكە پێشان دەدات، بەشێكی گرنگی ئەم تۆمارانە لەسەر كەرەستەی هەستیار و كۆن، وەك تەیپی ڕیل (بەكرە) و دیسكی شێلاك (قەوان)، پارێزراون و لەبەر دۆخی هەڵگرتنیان لە مەترسیی خراپبوون و لەناوچووندان.
ئەم پڕۆژەیە لە پاڵ پاراستنی موزیك و میراتی كولتووری ناوچەكە، زەوینە دەسازێنێت بۆ دروستكردنی بنكەیەكی سەربەخۆی دیجیتایزكردنی ئەرشیڤی دەنگی لەلایەن ئەرشیڤخانەوە، بەشێكە لە پڕۆژەكانی گەلەری دەنگی سپەیس٢١".
لە ڕێگەی ڕاهێنانی گەنجان و بەیەكەوەبەستنەوەی كۆكەرەوە ناوخۆییەكان و هونەرمەندانی دیاسپۆرا، توانای تەكنیكیی ناوخۆیی بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی ئەرشیڤی دەنگی گەشەی پێدەدرێ.