لە زۆر شوێن تاوەرەكانی پێوەندیكردنی تۆڕەكانی مۆبایل لەسەر ماڵەكان دانراون، دەنگۆی ئەوەیش زۆرە كە ئەوانەی نزیك بن لەو تاوەرانەوە بە زوویی تووشی شێرپەنجە دەبن، بەڵام زانایان و توێژینەوەكان ئەمە بە تەواوی رەت دەكەنەوە.
تاوەرەكانی پێوەندیكردنی مۆبایلەكان، شەپۆلی ڕادیۆیی بۆ ناردن و وەرگرتنی زانیاری لە مۆبایلێكەوە بۆ مۆبایلێكی تر دەگوازرێتەوە، ئەو شەپۆلانەیش تیشكی نائایۆنین، وزەی پێویستیان نییە تا ترشی ناوكی مرۆڤ ڕاستەوخۆ بشێوێنن و تووشی شێرپەنجەی بكەن.
ڕێكخراوی تەندروستی دنیایی بڵاوی كردەوە، كاریگەریی نزیكبوون لە تیشك و شەپۆلی ڕادیۆیی ئاسایی لەسەر تەندروستی مرۆڤ، زۆر مەترسیدار نییە و تەنیا شانەكانی پێستی جەستە گەرم دەكەن، بەڵام ئەو كەسانەی نزیكن لە تاوەرەكانی مۆبایل هێندە لێیەوە نزیك نین، بۆیە كاریگەرییەكانی زۆر لاوازە.
كۆمەڵەی ئەمەریكی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لەوبارەیەوە دەڵێن، بوونی پێوەندیی لە نێوان شوێنی نیشتەجێبوون و نزیكی لە تاوەرەكانی پێوەندیكردن و تووشبوون بە شێرپەنجە، بە تەواوی سنووردارە و پێویستی بە توێژینەوەی زیاترە و ئەو توێژینەوانەی ئێستە هەن، ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكەنەوە كە نزیكی ژیانكردن لە تاوەرەكانی مۆبایل مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەكات.