لەم مانگەدا پرۆسەی تیروپشكی ئەلیكترۆنی، بۆ دیاریكردنی ناوی ئەو هاووڵاتییانە ئەنجام دەدرێت كە دەیانەوێت فەریزەی حەج جێبەجێ بكەن.
ئەمڕۆ سێشەم یەكی ئەیلوول، كاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بۆ وەرزی حەجی ئەمساڵ، زیاتر لە 116 هەزار هاووڵاتی ناوی خۆیان تۆمار كردووە، بڕیاریشە لەم مانگەدا تیروپشكی ناوی حاجیان بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی بەڕێوە بچێت.
لەبارەی ئەو نامانەی بۆ مۆبایلی هاووڵاتییان چووە، كاروان ستوونی روونی كردەوە، ئەو نامانە دوو جۆرن، جۆرێكیان بۆ ئەو هاووڵاتییانە چووە كە كێشە و كەموكوڕی لە بەڵگەنامەكانیاندا هەبووە بۆ ئەوەی سەردان بكەن و رێكی بخەنەوە، ئەوانیش ژمارەیان هەزار و 500 كەسە.
باسی لەوەش كرد، جۆری دووەمی نامەكان بۆ ئەو هاووڵاتییانە چووە كە مامەڵەكانیان تەواوە و پێیان راگەیەنراوە كە ناوەكانیان ئامادەیە بۆ چوونە ناو تیروپشكەكەوە.