سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری دا سووتەمەنیی پاڵپشتیكراو بۆ خاوەن موەلیدەكان دابین بكات، ئەوەیش دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەشێك لە خاوەن موەلیدەكان كارەبایان لەسەر هاووڵاتییان بڕی.
ئەمڕۆ سێشەم یەكی ئەیلوول، نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاوی كردەوە، عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیران، ڕێنوێنیی دا بە دابینكردنی سووتەمەنی بۆ موەلیدە ناحكوومییەكان بە بڕی 40 لیتر بۆ هەر سەعاتێك بە نرخی پاڵپشتیكراو 400 دینار بۆ هەر لیترێك، ئەوەیش لە ماوەی تەواوی مانگی ئەیلوولدا بەردەوام دەبێت.
ئاماژە بەوەش كراوە، سەرۆك وەزیران ڕێنوێنیی دا بە پابەندبوون بە سەعاتەكانی كاركردنی ئێستە، بەشێوەیەك كە لە 20 سەعات كەمتر نەبێت لە ڕۆژێكدا، بە شێوازی كاركردن بە نۆرە لە نێوان كارەبای نیشتمانی و موەلیدە ناحكوومییەكاندا، بە جۆرێك كە سەقامگیری و بەردەوامی دابینكردنی وزەی كارەبا بۆ هاووڵاتییان دەستەبەر بكات.
پێشتر خاوەن موەلیدەكان هۆشدارییان دابوو كە یەكی ئەیلوول، كار بە موەلیدەكان ناكەن و هەزاران موەلیدە دەكوژێننەوە، ئەویش بەهۆی گرانكردنی نرخی سووتەمەنی لەسەریان.