شارەزایان چەند هۆكارێكیان دەستنیشان كردووە كە وا لە مرۆڤ دەكەن ئەگەرچی زۆریش بخەوێت، بەڵام هەست بەماندووبوون و داهێزرانی جەستە دەكات، وەك ئەوەی هەر نەخەوتبێت. لەناو ئەو هۆكارانەدا كێشەی دەروونی، پچڕانی هەناسە لە كاتی خەودا، كەمیی ئاسن، كەمیی ڤیتامینەكان و سیستمی خۆراكی ناهاوسەنگی تێدایە.
پزیشكەكان باس لەوە دەكەن كە ماندوویەتی پێوەندی بە خەمۆكی، دڵەڕاوكێ و گوشاری دەروونییەوە هەیە، بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ تێكچوونی خەو، سەختی لە سەرنجدان یان لەدەستدانی حەز بۆ چالاكییە ئاساییەكان بێت.
هاوكات ئاماژە بەوە دەدەن، راوەستانی هەناسە و دووبارەبوونەوەی لە كاتی خەودا، قۆناغەكانی خەو تێكدەدات و دەبێتە هۆی ماندوویەتی و خەواڵوویی لە رۆژدا. نیشانە باوەكانی ئەم حاڵەتە بریتین لە خورپەی دەنگی بەرز، هەناسەسواری یان تەنگەنەفەسی و بەئاگاهاتنەوەی زوو زوو لە شەودا.
سەنتەر و بنكە توێژینەوەكانی تەندروستی جیهانی باسیان لەوە كردووە، كەمیی ئاسن بەتایبەت كاتێك دەبێتە هۆی كەمخوێنی، ماندوویەتی، تەنگەنەفەسی، لێدانی خێرای دڵ و زەردبوونی پێست دروست دەكات.
"كەمیی ڤیتامین B12 یان فۆلیك ئەسید دەبێتە هۆی كەمخوێنی و ماندوویەتی. هەروەها دابەزینی ئاستی ڤیتامین D لای هەندێك كەس لەگەڵ ماندوویەتی دەردەكەوێت، بەڵام سەلماندنی ئەوەی كەمییەكەی هۆكاری سەرەكییە، پێویستی بە هەڵسەنگاندن و پشكنینی پزیشكی هەیە".
لە هەموشی گرنگتر بەبڕوای پزیشكەكان نەگەیشتنی وزە، پرۆتین، ڤیتامین و كانزا پێویستەكان بە جەستە، دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی چالاكییەكان، بەتایبەت كاتێك ژەمەكان پشتگوێ دەخرێن یان سیستمی خۆراكیی زۆر توند پێڕەو دەكرێت. هەستكردن بە ماندوویەتی، سەرئێشە، سەرگێژخواردن و وشكبوونی دەم لە نیشانە ئەگەرییەكانی وشكبوونەوەی جەستەن.
شارەزایان ئەوەیان ئاشكرا كردووە، ماندوویەتی نیشانەیەكی سستیی غودەی دەرەقییە و لەگەڵ هەستكردن بە سەرما، زیادبوونی كێش و سستی لە جووڵە یان بیركردنەوەدا دەردەكەوێت.
شەكرە ئەو نەخۆشییەی پێوەندیی بەهەموو نەخۆشییەكانی ترەوە هەیە، بەرزبوونی ئاستی شەكری خوێن ماندوویەتی دروست دەكات، بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ تینوویەتیی زۆر یان دابەزینی كێش بەبێ هۆكاردا بێت.
هەوكردنە درێژخایەنەكان و كێشەی گورچیلە، ئەوانیش هۆكارن بۆ ماندوویەتی دوای خەوێكی زۆر، هەندێك نەخۆشیی هەوكردنی و بەرگری، وەك هەوكردنی جومگەكانی رۆماتیزم، لەگەڵ ماندوویەتی، ئازار، ئاوسانی جومگەكان و رەقبوونیان دەردەكەون. ماندوویەتی لەگەڵ پێشكەوتنی نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە دەردەكەوێت، بەڵام نەخۆشییەكە هەمیشە لە قۆناغە سەرەتاییەكاندا نیشانەی ئاشكرای نییە و رەنگە تەنیا بە پشكنینی خوێن و میز ئاشكرا بكرێت.