پاكستان.. لە بنكەیەكی پۆلیس دەستدرێژی سێكسیان كردە سەری و ئازادیان كرد

:: PM:07:52:01/09/2026 ‌

لە پاكستان مەترسی لەبارەی سەلامەتیی ژنە گیراوەكان لە بنكەكانی پۆلیس بەردەوامە، ئەوەش لە دوای زنجیرە دەستدرێژییەكی سێكسی كە رەخنەی فرەوانی جەماوەری بەرانبەر بە كاری هێزەكانی پۆلیس و پێویستیی لێپرسینەوە لەگەڵیان بە دوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتی كە دەبێت بنكەی پۆلیس بۆ پاراستنی قوربانیان بێت نەك تیایدا دەستدرێژییان بكرێتە سەر و بە پێشێلكاری و خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.

لە حەوتی مانگی ئابی رابردوو لە شاری لاهوور كچێكی خاوەن پێداویستی تایبەتی 20 ساڵی، كێشەی مێشكی هەبوو، لە لایەن یاریدەدەری پشكنەری پۆلیسەوە دووچاری دەستدرێژی سێكسی هاتەوە، كاتێك هێزێكی پۆلیس لە كاتی سواڵكردنی لە شەقامەكان، ئەویان گرت و بەرەو بنكەی پۆلیسی غازی ئابادیان گواستەوە، لەوێ هەموو پارەكەیان لێ برد و دواتر یاریدەدەرەكە دەستدرێژی سێكسی كردە سەری بەر لەوەی ئازاد بكرێت. 

بەپێی بەیاننامەی پۆلیس، قوربانییەكە توانوویەتی ئەو ژوورە دەستنیشان بكات كە تیایدا دەستدرێژی كراوەتە سەری و داوای یاسایی لەسەر یاریدەدەرەكە تۆمار كردووە، جیا لە كردنەوەی دۆسیەك لەبارەی خراپیی هەڵسوكەوتی كارمەندانی پۆلیس، دوای رووداوەكە پۆلیسی لاهوور جیا لە یاریدەدەرەكە، تەواوی كارمەندانی ئەو بنكەیان گرتووە، كە 78 كەس بوونە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل