ئەمشەو سێشەم یەکی ئەیلوولی 2026، کونسوڵگەریی ئەمەریکا لە هەولێر هۆشدارییەکی تەناهیی توندی دایە هاووڵاتییانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بە ئەگەری پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراوی دۆخەکە و داوای جێهێشتنی ناوچەکەی لێ کردن، ئەمەش لە کاتێکدایە ترەمپ باس لە قورسیی هێرشەکانیان دەکات و هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکەن.
لە هۆشدارییەکی تەناهیدا، کونسوڵگەریی ئەمەریکا ڕای گەیاندووە کە دۆخی تەناهیی ناوچەکە لە سێبەری زیادبوونی گرژییەکاندا هێشتا ئاڵۆزە و ئەگەری پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراو هەیە. بۆیە داوا لە هاووڵاتییە ئەمەریکییەکانی ناوچەکە دەکات ئامادە بن بۆ ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی کاتیی ئاسمان و دروستبوونی ئاستەنگی لە هاتوچۆدا. ئاماژەی بەوەش داوە کە بەشێک لە هێڵە ئاسمانییەکان دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان دوا خستووە و هەندێکی تریش گەشتەکانیان بەتەواوی هەڵوەشاندووەتەوە. هاوکات کونسوڵگەرییەکە هانی هاووڵاتییانی داوە بیر لە جێهێشتنی ناوچەکە بکەنەوە یان ئامادە بن بۆ ڕۆیشتن لە کاتی هەر پەرەسەندنێکدا.
پێشتریش لە ماوەی ئەمڕۆدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە بۆردمانەکانیان بۆ سەر ئێران زۆر قورس و بەرفراوان بوون، ئەوەش لە وەڵامی هەوڵێکی شکستهێناوی تاران بۆ دانانی مین لە ناو گەرووی هورمز. ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" دووپاتی کردەوە کە لە ئێستەدا گەرووی هورمز بەتەواوی لە مین پاک کراوەتەوە و تێکشکێنراون.
لە بەرانبەردا، هێزە چەکدارەکانی ئێران هەڕەشەی وەشاندنی گورزی زۆر توند و وێرانکەریان لە ئەمەریکا کرد، ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو بۆردمانەی کرایە سەریان. دەستەی ئەرکانی ئەو هێزانە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە وەڵامی هێرشی ئاسمانیی سوپای ئەمەریکا بۆ سەر چەند خاڵێک لە پارێزگاکانی سیستان و بەلۆچستان و هورمزگان، هێزەکانیان گورزی کەمەرشکێن و وێرانکەر لە دوژمن دەوەشێنن.