پارێزەرێكی راوێژكار: ئەمڕۆ لەسەر زمانی كوردی یاداشتێك دەدەینە داواكاری گشتی

:: AM:08:51:02/09/2026 ‌
پارێزەرێكی راوێژكار رای دەگەیەنێت كە ئەمڕۆ یاداشتێك لەبارەی گرنگی زمانی كوردی لە رێستۆرانت و شوێنە گشتییەكان دەدەنە داواكاری گشتیی.
 
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، ئاسۆ هاشم پارێزەری راوێژكار، بە "وشە"ی گوت، بێڕێزی  بە زمانی كوردی پێشهاتێكی مەترسیدارە و گرتنی گەنجێكی كاسب لە خانەقین لەبەر ئەوەی تابلۆی دوكانەكەی بەزمانی شیرینی كوردی بوە قابیلی قبووڵ نیە.

زیاتر گوتی، لە شاری هەولێر دەیان شوێن و ڕێستورانت هەیە، كە بەزمانی بیانی نووسراون یان بەزمانی كوردی پێشوازی لە میوانەكانیان ناكەن بەهۆی زاڵبوونی زمانی عەرەبی، بۆیە دەبێت ئەوە چارەسەر بكرێت. 

دووپاتی كردەوە كە ئەو وەك پارێزەر و لەگەڵ تیمێكی تر ئەمڕۆ لەوبارەیەوە یاداشتێك دەدەن بە داواكارە گشتیی كە لێپێچینەوە لەو شوێنانە بكرێت كە ڕێز لە دەستوور و زمانی كوردی ناگرن و نووسراو بۆ لایەنی پێوەندیدار دەكرێت كە سزای داخستنی ئەو شوێنانەی تێدابێت.

زمانی كوردی بە گوێرەی دەستووری ساڵی 2005ی عێراق ددانپێدانراوە و دەبێت لە هەموو عێراق كاری پێ بكرێت، بەڵام رووداوی چەند رۆژی خانەقین جارێكی تر پێشێلكاری دەستووری دەرخست كە بەهۆی بەكوردی نووسین گەنجێك گیرا. 



وشە - وشه‌