بۆ یەكەمجار دوای دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی داهاتی نەوتی ئێران گەیشتە سفر

:: AM:09:04:02/09/2026 ‌
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بوونەتەوە، ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی بەتایبەت پاكستان، بەشێوەی قاچاخ بەدەبە و بەرمیل نەوتەكەی هەناردە دەكات. سزاكانی ئەمجارە هەناردەی نەوتی ئێرانی گەیاندە سفر.

ئەوەی لەم چەند رۆژەدا رووی داوە، بۆ یەكەمجارە لە مێژووی ئێراندا رێگەی نەمێنێت نەوتی هەناردە بكات، سزاكانی پێشوو بەردەوام  كون و كەلێنێك هەبوو بەتایبەت گەرووی هورمز وایكردبوو ئێران هەناردەی نەوەستێت، بەڵام سزای ئەمجارە هەمەلایەنەیە و دەرفەتی بۆ وڵاتەكە نەهێشتووەتەوە.

بەگوێرەی ئاماری كۆمپانیاكانی كێپلەر، ڤۆرتێكسا و تانكەر تراكەر، لەوەتەی ئەمەریكا لە 14ی تەمووزەوە و وەك بەشێك لە جەنگی شەش مانگی گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر ئێران، هیچ بارێكی نەوتی ئەو وڵاتە بە سەركەوتوویی لە تەنگەی هورمزەوە بەرەو چین تێنەپەڕیوە.

چین لەم دۆخەدا زیانی زۆری پێدەگات، چونكە پێشتر نەوتی لە ئێران بەهەرزانترین نرخ دەكڕی، ئێستە هیچ رێگەیەكی نەماوە. ئەمەریكا بەبەردێك دوو چۆلەكەی كوشت.

بەپێی ئامارەكان، ماوەی چوار رۆژە هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە سفر، ئێستە بەرێگەی قاچاخ لە بەرمیل و دەبەدا بەوڵاتانی دراوسێی بەتایبەت پاكستانی دەفرۆشێت، ئەوەش نابێتە داهات بۆ حكوومەت.

بەپێی لێكۆڵینەوەكان ئەمجارە قوڕگی ئێران گیراوە و بەتەواوی توانا داراییەكانی لە دەست دەرهێنراوە، پێدەچێت ناچاری گفتوگۆ بكرێت.




وشە - سۆران عەزیز