لە ماسولكەی پشتەوەی قاچی مرۆڤ دڵێكی تر بوونی نییە، بەڵام ڕۆڵێكی كاریگەری لە سوڕی خوێن دەگێڕێت، بەوهۆیەوە بەشێك لە پزیشكان و پسپۆران ناسناوی "
دڵی دووەم"یان لێ ناوە.
ئەو گوزارشتە لە ڕووی فیزیكی و سروشتییەوە نییە كە دڵێكی تر لەوێ بوونی هەبێت، بگرە بەهۆی ئەركەكەی و ڕۆڵی ئەو ماسولكەیە لە پاڵدانی خوێن، لە بەشی خوارەوەی جەستەی مرۆڤ بەرەو دڵ دەگەڕێتەوە.
لەگەڵ هەر هەنگاوێك كە مرۆڤ دەیهاوێژێت، ماسولكەكانی پشتەوەی قاچ گوشار لەسەر بۆڕییە خوێنبەرەكانی ناو ماسولكەكە دروست دەكەن، تا خوێن بەرەو بەشی سەرەوەی جەستەی مرۆڤ و دڵ ڕەوانە بكات، دەرچەی مولوولەكانی خوێنی ئەو ناوچەیەیش كە یەك ئاراستەیان هەیە، ڕێ لە گەڕانەوەی دووبارەی خوێن بۆ قاچ دەگرن.
ئەو میكانیزمە لە ڕووی پزیشكییەوە بە ماتۆڕی ماسولكەكانی پشتەوەی قاچ ناو دەبەن كە بەشێكی سەرەكییە لە سیستمی گێڕانەوەی خوێن بۆ دڵ. پرۆسەكە بەمجۆرە دەست پێ دەكات، كاتێك مرۆڤ لەسەر پێ دەڕوات، خوێنی ناو پێیەكان ئامادە دەبێ بەرەو بەشی سەرەوەی جەستە بڕوات و دەگاتە ماسولكەكانی قاچ، كاتێك پاژنەی پێ بەرز دەكەینەوە، ئەوا ماسولكەكانی پشتەوەی قاچ وەك ماتۆڕێك كار دەكەن و ئەو خوێنەی لە پێیەكانەوە بەرز بووەتەوە، بە خێرایی بەرەو بەشی سەرەوەی جەستە و دڵ ئاراستەی دەكات.
كاتێك ماسولكەكان خاو دەبنەوە، دووبارە بۆڕییەكانی خوێن پڕ دەبنەوە لە خوێن و لەگەڵ بەرزكردنەوەی پاژنەی پێ، جارێكی تر خوێن بەرەو سەرەوە دەنێردرێتەوە، ئەم پرۆسەیە بەردەوامی دەبێت و بەم هۆیەوە خوێن لە بەشی خوارەوەی جەستە بەرەو دڵ دەگەڕێتەوە.
ئەگەر مرۆڤ زۆر دابنیشێت و جووڵە نەكات، شانەكانی ئەو ماسولكانە لەو ئەركەیان خاو دەبنەوە و چیتر ئەو ماتۆڕە ناتوانێ بە چالاكی خوێن بۆ دڵ بگەڕێنێتەوە، بۆیە زۆر لە خەڵك هەست بە قورسایی و ماندووبوون دەكەن، كاتێك زۆر دادەنیشن و جووڵە ناكەن، هەروەها لە كۆتایی ڕۆژ و لە كاتی پشوودان ماسولكەكە ئازاری دەبێ، چونكە بە ئاسایی كاری نەكردووە.