شاندێك دەچێتە بەغدا و بودجەی ساڵێكی كوردستان بە مووچە و خەرجییەكانەوە جێگیر دەكەن

:: AM:10:31:02/09/2026 ‌
 وەزارەتی دارایی عێراق بۆ داڕشتنی هێڵە گشتییەكانی بودجەی 2027، داوای لە هەرێمی كوردستان كردووە شاندێك بنێرن، بەپێی زانیارییەكان سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندەكە بەكۆمەڵێك دۆسیەوە دەچێت و داوای نزیكەی 29 تریلیۆن دینار دەكات.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ساڵی 2027 بچێتە بەغدا. 

سەردانی ئەو شاندە دوای ئەوە دێت كە هەرێمی كوردستان لە كۆتاییەكانی مانگی ئابی رابردوو، پڕۆژەی پشكی بودجەی ساڵی 2027ی رەوانەی بەغدا كرد و وەزارەتی دارایی عێراقیش داوای شاندێكی كردووە. 

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، شاندەكە دەچن تا لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گفتوگۆ لەسەر وردەكاریی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2027 بكەن كە بڕەكەی بەكۆی گشتی 29 تریلیۆن دینارە.

وەزارەتی دارایی كوردستان پێشتر رای گەیاند، "لەم پڕۆژەیەدا سەرجەم شایستە داراییەكان، خواستە دەستوورییەكان و پێداویستییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە وردی جێگیر كراون، لەوانە: دابینكردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، كەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، دابینكردنی مووچە بۆ خێزانی كەمدەرامەت و هاوتاكردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتیەكان لەگەڵ بەغدا. 

"دابینكردنی خەرجییەكانی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەكان، جێگیركردنی مافی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە بۆ چەندان ساڵ بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوو. هاوتاكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی پێشمەرگە. هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و وەرگرتنی سەرجەم شایستە داراییەكانی پێشوویان".

شاندی دارایی هەرێمی كوردستان، ئامادەكاری كردووە و داوای نزیكەی 29 تریلیۆن دینار وەك پشكی ساڵی داهاتوو بكات، هەرێمی كوردستان دەیەوێت پشكی 14.1%ـی بودجەی فیدراڵی بەپێی ئەنجامەكانی سەرژمێریی گشتی لە یاساكەدا جێگیر بكات.

بەگوێرەی زانیارییەكان شاندەكەی كوردستان لە بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێركاری پێكدێن و هەموو داتاكانیان بۆ بەرگری لە پشكی هەرێم ئامادە كردووە. داواكاریی دارایی هەرێم كە ڕەوانەی بەغدا كراوە بڕی 29 تریلیۆن دینارە و شایستەی خانەنشینانی ساڵانی 2025 و 2026ـی تێدایە.

وەزارەتی دارایی عێراق ئەم مانگە دەیەوێت پڕۆژەكە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بكات. 



وشە - سۆران عەزیز