دوای پاڵەپەستۆ لەسەر مێشك.. بۆ ئارامبوونەوەی ئەم هەنگاوانە جێبەجێ بكەن

:: AM:11:23:02/09/2026 ‌
زۆرجار بەهۆی كاری زۆر یان كێشە لە كار یاخۆ خوێندنی زۆر، پاڵەپەستۆیەكی زۆر دەكەوێتە سەر مێشك، بۆ ئارامبوونەوەی مێشك لەو پاڵەپەستۆیە، رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رێنوێنیی بڵاو كردووەتەوە كە خۆی لە چەند هەنگاوێك دەبینێتەوە كە گرنگە مرۆڤ لەو حاڵەتانەدا بیانگرێتەبەر، تا بە ماوەیەكی كەم ئارامی بۆ جەستە و مێشكی بگەڕێنێتەوە.

پێگەی "ئەهرام"ی میسری، رۆشنایی خستووەتە سەر رێنوێنییەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی كاتێك پاڵەپەستۆیەكی زۆر دەكەوێتە سەر مێشك و بۆ ئارامبوونەوەی، یەكەم هەنگاو هەناسەدانە. بۆ ئەوەیش باشترەكە كەسەكە لە شوێنێكی هێمن و ئاسوودە دابنیشێت و چەند جارێك هەناسەی قووڵ بدات، بە هێمنی هەناسە بخواتەوە و دواتر لە لووتەوە هەناسە بداتەوە.

لە هەنگاوێكی تردا پێویستە بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت، كەسەكە خۆی لە هەموو بەرپرسیاری و كارێك دوور بخاتەوە، لە شوێنێكی هێمن دابنیشێت و گوێ لە هەر شتێك بگرێ كە ئارەزووی دەكات، یان راهێنانێكی ئاسان و ئاسایی كە خۆی حەزی پێ دەكات، یاخۆ گوێگرتن لە موزیكی هێمن.

لە هەنگاوی سێیەمدا رێكخراوەنە دەڵێت، ئەگەر پاڵەپەستۆی زۆر لەسەر مێشك بێت و بۆ ئارامبوونەوەی، پێویستە بۆ ماوەیەك كەسەكە خۆی لە پێوەندی و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دوور بخاتەوە یان دووركەوتنەوە لە هەواڵەكان، كە زۆرجار هەواڵە ناخۆشەكان دڵەڕاوكێ بۆ مرۆڤ دێنن.

لە هەنگاوێكی تریشدا بۆ ئارامبوونەوەی مێشك لە پاڵەپەستۆ، باس رۆیشتن بە پێ بۆ ماوەیەك دەكات، واتە مەرج نییە راهێنانی زۆر بكرێت، بەڵكو ئەو رۆیشتنە و جووڵە كەمە مێشك ئارامتر دەكاتەوە، جیالەوەی ئەو جووڵەیە وا دەكات بۆ شەویش خەوتان ئاسوودەتر بێت.

دوا هەنگاویش بۆ ئارامبوونەوەی مێشك لە پاڵەپەستۆكان، رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە رێنوێنییەكەیدا باس لەوە دەكات، ئەگەر بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت، خەوتن سوودی بۆ ئارامبوونەوەی مێشك و تەنانەت جەستەیش دەبێت.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د