بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی دەنگی دەستبەسەركراوانی ئێران، دادگای پێداچوونەوەی شۆڕشی ورمێ، سزای دژی ٢٩ هاووڵاتیی كوردی پەسند كرد كە پێشتر بەهۆی بەشداریكردنیان لە ڕێوڕەسمێكی هاوسەرگیری لە ساڵی ٢٠٢٤دا، بەجلی خاكی پێشمەرگانەوە هەڵەپەڕیبوون.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئاماژەش بەوە كراوە، دادگای پێداچوونەوەی شۆڕشی ورمێ لە ڕۆژی شەموو ٢٩ی ئابی ٢٠٢٦، سزاكانی قۆناغی سەرەتایی دژی ئەم ٢٩ هاووڵاتییەی وەك خۆی هێناوەتەوە و بڕیارەكەی بڕاندووەتەوە.
ئاماژە بەوەش كراوە، ئەم دۆسیەیە لە ساڵی ٢٠٢٤ و دوای بەڕێوەچوونی ئاهەنگێكی هاوسەرگیری لە شاری پیرانشار، بەهۆی ئەنجامدانی "هەڵپەڕكێی كوردی، پۆشینی جلی خاكی پێشمەرگانە و بەستنی جامانە بۆ ٥٨ هاووڵاتی كرابووەوە، كە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی ڕژێم لە ڕێگەی پێشاندانی هێماوە" خرابووە پاڵیان.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەیش ئاشكرا كردووە، لە قۆناغی سەرەتاییدا ٢٩ كەسیان بێبەری كران، ئەم ٢٩ هاووڵاتییەی تر سزای دارایی یان سێ مانگ گرتنیان بەسەردا سەپابوو كە ئێستە سزاكەیان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە چەسپێنراوە.