سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەرووی هورمز، دوو كەشتیی نەوت بەر مینی دەریا كەوتوون و سووتان.
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێكدا كە ئاژانسی میهری ئێرانی بڵاوی كردووەتەوە، ئاشكرای دەكات كە دوو كەشتیی نەوتی لە هورمز گڕیان گرتووە، دوای ئەوەی بەر مینی دەریایی كەوتوون.
پاسداران ئەمەریكا بەوە تۆمەتبار دەكات كە هانی كەشتییەكانی داوە بێ وەرگرتنی مۆڵەتی ئێران بە دوورگەكە تێپەڕن، لە ئەنجامدا بەر مینی دەریایی كەوتوون و تیمی كەشتیوانی هەردووكیان لەلایەن ئەمەریكییەكان رزگار كراون.
سوپای پاسداران ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، پێشتر كەشتییەكانی ئاگادار كردووەتەوە بێ وەرگرتنی مۆڵەتی ئێران بە گەرووی هورمز تێنەپەڕن.