بە فەرمی داوا دەكرێت لێكۆڵینەوە لەگەڵ هادی عامری بكرێت

:: PM:01:04:02/09/2026 ‌
بەهۆی ئەوەی لە ڤیدیۆیەكدا هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر ستایشی میلیشیاكان دەكات، گوایە توانیویانە بەرەنگاری راپەڕینی تشرین ببنەوە، حازم بەدری پارێزەر داوا لە داواكاری گشتی دەكات لێكۆڵینەوە لەگەڵ هادی عامری بكات.

ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، حازم بەدری ئاشكرای دەكات، بە فەرمی داوای لە سەرۆكی داوكاری گشتیی كردووە، بانگهێشتی هادی عامری بكرێت و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ بكرێت بە هۆی ئەوەی لە ڤیدیۆیەكدا دەڵێ‌، "مقاوەمە ئازایانە لە بەرانبەر ئاژاوەی تشرین وەستا و دەوڵەت و سیستمی سیاسیی پاراست".

داواكار دووپاتی دەكاتەوە، دەبێت هادی عامری روونی بكاتەوە مەبەستی لە "مقاوەمە" كامە میلیشیایە.  هەروەها باسی ئەوەیشی كردووە ناكرێت ئەمە دوایین بەڵگە بێت لەسەر ئەوەی میلیشیاكان دەستیان لە كوشتنی خۆپێشاندەرانی تشرین هەبووە، بەڵام زانیارییەكی نوێیە دەكرێت بەدواداچوونی بۆ بكرێت.

لە تشرینی یەكەمی 2019 كە ئەوكات عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، خۆپێشاندانێك سەرانسەری عێراقی گرتەوە و چەندان هەفتە بەردەوام بوو، عەبدولمەهدی ناچار بوو دەست لە كار بكێشێتەوە، بەڵام لەو كاتەدا تەقە لە خۆپێشاندان دەكرا و نزیكەی 280 كەس كوژران و سێ‌ هەزار كەسیش بریندار بوون. بەشێك لە میلیشیاكانی شیعە بە تەقەكردن لە خۆپێشاندەران تۆمەتبار دەكران.





وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل