فەهمی بورهان: تەعریب ئەوەندە خێرا بەڕێوە دەچێت ئێستە گوڵاڵە لە خانەقین دانیشتووانی زیاترە

:: PM:01:37:02/09/2026 ‌
سەرۆكی دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رای گەیاند، كێشەی زەویوزار و پرۆسەی تەعریب لە خورماتوو مەترسییەكی گەورەن بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەكە، گوتی: " تەعریب ئەوەندە خێرا بەڕێوە دەچێت ئێستە گوڵاڵە لە خانەقین دانیشتووانی زیاترە".

ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، فەهمی بورهان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی خورماتوو كە بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكان و راوێژكاری پارێزگاری سەڵاحەدین ئامادەی بوون، دۆخی سیاسی و خزمەتگوزارییەكانی ئەو قەزایەی تاوتوێ كرد.

فەهمی بورهان هۆشداریی دەدات لە زیادبوونی "تەعریبی نەرم" لە ناوچە دابڕێنراوەكان و ڕەخنە لە بەغدا دەگرێت كە یارمەتیدەر نییە.

بەگوتەی فەهمی بورهان، بەپێی توێژینەوەكان پێشبینی دەكرێت لە پێنج ساڵی داهاتوودا، ڕێژەی عەرەبی هاوردە لە ناوچە كوردستانییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد بكات.

گۆڕانكاریی دیمۆگرافی گەیشتووەتە ئاستێك كە ژمارەی دانیشتووانی شارەدێی گوڵاڵە 106 هەزار  كەسە و ئێستە لە سەنتەری شارۆچكەی خانەقین زیاترە.

بەبڕوای فەهمی بورهان، چۆڵكردنی گوندەكان، دەستێوەردانی سوپای عێراق و بڕینی خزمەتگوزارییەكان، وەك هۆكاری سەرەكی كەمبوونەوەی ڕێژەی كورد لەو ناوچانە دیاری كراون.

گوتیشی، گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە  "تەعریبی نەرم" بەڕێوە دەچێت.

فەهمی بورهان گوتی: "لە خورماتوودا چەندان كێشەی هەمەجۆر لەوانە كێشەی زەویوزار، بەتەعریبكردن و ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان بوونیان هەیە". دووپاتی كردەوە كە كێشەی دانیشتووانی كورد لەو ناوچەیە، راستەوخۆ دەگەیەنرێتە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی، هاوكات هەوڵ دەدرێت ئەو گەمارۆیە بشكێنرێت كە لە بوارە جیاوازەكان بەسەر قەزاكەدا سەپێنراوە.

لەبارەی كێشەی زمانی كوردی و پرۆسەی پەروەردە رای گەیاند، بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە لەگەڵ وەزیری پەروەردە گفتوگۆ دەكرێت. لەبارەی دۆسیەی زەوییە داگیركراوەكانیش روونی كردەوە، كێشەكە كەڵەكەبووی بڕیارەكانی سەردەمی رژێمی بەعسە و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریش كاریگەریی خراپیان لەسەر زیاد كردووە، بۆیە ئەو دۆسیانە بەلای دەستەكەیانەوە سیاسین و بەشێكن لە مادەی 140ی دەستوور.

 نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە كەمبوونەوەی بەرچاوی بەرپرسان و فەرمانبەرانی كورد لە ناوچەكە دەربڕی و رای گەیاند: "ژمارەی فەرمانبەرە كوردەكان لە خورماتوو زۆر كەمە و لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناكات، لە كاتێكدا ژمارەی فەرمانبەرانی پێكهاتەكانی تر لە نێوان 800 بۆ 1,000 فەرمانبەر دەبێت".




وشە - سۆران عەزیز