دانەوەی قەرزی پێشوو لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەردەوامە، هاووڵاتییان لە گەڕانەوەی قەرزەكانیان بەردەوامن، تا ئەمڕۆ 450 هەزار هاووڵاتی قەرزی پێشوویان داوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە تیمی پڕۆژەی رووناكی وەریگرتووە و تێدا هاتووە، نزیكەی 450 هەزار هاوبەش لە لێخۆشبوونی قەرزی كۆنی كارەبا سوودمەند بوون، 337 هەزاریان لە ڕێگەی ئی پسوولەوە پارەكەیان داوە كە دەكاتە 75٪ـی هاوبەشەكان.
باسیان لەوەش كرد، بەپێی داتاكانی پڕۆژەی ڕووناكی، زۆرترین ئەو كەسانەی سوودمەند بوون هاوبەشانی ماڵانن و دوای ئەوانیش شوێنە بازرگانییەكان دێن، جگە لەوەی تا ئەمڕۆ بە گشتی زیاتر لە دوو ملیۆن پارەدان لە ڕێگەی ئی-پسوولە كراوە.
رۆژی 22ـی تەمووز، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، لێخۆشبوونی لە قەرزی كۆنی كارەبا بە دوو ڕێژەی جیاواز ڕاگەیاند.
بەپێی بڕیارەكە، داشكاندنەكە بە ڕێژەی 50% بۆ ماڵان و پڕۆژە كشتوكاڵییەكان دەبێت، بە ڕێژەی 25% بۆ پڕۆژە بازرگانی و پیشەسازییەكان و فەرمانگەكانی حكوومەت دەبێت.