حكوومەت 33 گەنجی تر لە لیبیاوە دەگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان

:: PM:02:16:02/09/2026 ‌
لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ، هەواڵی گەڕانەوەی 33 گەنجی تری هەرێمی كوردستان لە لیبیاوە بڵاو كرایەوە، هەندێكیان بۆ ماوەی هەشت مانگ لە بەندینخانە بوون.

ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، وەزارەتی ناوخۆ بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی كە هەواڵی بێسەروشوێنبوونی كۆمەڵێك هاونیشتمانی لە لیبیا بەدەست گەیشت، ڕاستەوخۆ لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە، ڕاسپێردران كە بەپەلە ڕێككاری پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوە و ڕزگاركردن و هێنانەوەیان، ئێستەش تەواوی مامەڵەكانی تایبەت بە هەر 33 هاونیشتمانی تەواو بوون و هەفتەی ئایندە دەگەڕێنرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان. 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی تر دووپات لەسەر پێویستی و گرنگی خۆپارێزی گەنجان و خانەوادەكانیان دەكاتەوە، لە گرتنەبەری رێگەی كۆچی نایاسایی و نائاسایی بۆ وڵاتانی رۆژئاوا. ئەم جۆرە كۆچە نەك هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات، بەڵكو دەبێتە هۆی پێشێلكاریی یاسایی وڵاتانی تر و لێپرسینەوەی توندی یاسایی بەدوادا دێت؛ هاوشێوەی ئەو بارودۆخە سەختەی رووبەڕووی ئەم گەنجانە بووەوە، لە ماوەكانی ڕابردوو كە هەندێكیان بۆ ماوەی هەشت مانگ لە بەندینخانەكاندا بوون، لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی رووبەڕووی مەترسییەكانی مردن بوونەتەوە.

تا ئەمڕۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، توانیویەتی 302 كۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخە جیاوازەكان ڕزگار بكات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئێستەش هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە، رێكاری پێویستیان بۆ ڕزگاركردن و هێنانەوەی 33ی كۆچبەر گرتووەتەبەر و  لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەنەوە هەرێمی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد