دانیشتووان و قوتابیانی قامیشلۆ و شارۆچكەی مستەفاوی سەربە گركێ لگێ، سەركۆنەی بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردەیان كرد كە خوێندنی بەزمانی كوردی سنووردار كردووە، داوای قبووڵكردنی زمانی كوردییان كرد لە تەواو قوتابخانەكاندا.
خۆپێشاندانەكە بە دروشمی "زمانەكەمان بوونمانە، مافی پەروەردەمان بە كوردی دەوێت" بەڕێوەچوو، لە بەیاننامەیەكیشدا رێكخرانی خۆپێشاندانەكە رایان گەیاند، بەپێی ڕێككەوتنی 29ـی كانوونی دووەمی 2026، پرۆسەی ئەنتێگراسۆن لە ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێوە دەچێت، بەپێی پێوەرەكان گەلی كورد وەك نەتەوەیەكی ڕاستەقینەی سووریا قبووڵ كرا، هەر كارێك كە ئەنجام بدرێت، دەبێت لەسەر بنەمای پێوەرەكانی بوونی كورد لە سووریا بێت.
ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە، لەمدواییەدا هەندێك هەوڵ هەبوو بۆ گۆڕینی ناوی كۆبانی بە عەین عەرەب، لە هەمان كاتدا حكوومەتی كاتی دەیەوێت ئەم سیاسەتە لە سەرانسەری جیۆگرافیای كوردیدا جێبەجێ بكات، بۆ گۆڕینی ناوی هەرێمەكان، ئەم ناوچانە لە كوردبوونیان دوور بخاتەوە، ئەم هەڵوێستە لە دژی ڕێككەوتنی 29ـی كانوونی دوومە، لە هەمان كاتدا دژی بوون، ناسنامە و زمانی كوردییە.
دووپات لەوە كراوەتەوە كە حكوومەتی كاتی دەبێت ڕێز لەم ڕاستییە بگرێت و ددان بەو ڕاستییەدا بنێت لە بواری یاساییشدا، ئێمە وەك خەڵكی قامیشلۆ داوا لە دەسەڵاتداران دەكەین كە ڕێز لە "زمانەكەمان و مێژوومان" بگرن.
هەروەها داوا لە وەزارەتی پەروەردەی سووریا كراوە، بڕیارەكەی هەڵبوەشێنێتەوە و زمانی كوردی وەك زمانی پەروەردە بۆ هەموو پۆلەكانی خوێندن لە ناوچە كوردنشینەكان قبووڵ بكات، زمانی كوردی بكاتە زمانی فەرمی خوێندن لە قوتابخانەكاندا.