عەمار حەكیم: كاتی داماڵینی چەك و دانوستانی رژدە لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان

:: PM:04:59:02/09/2026 ‌

لەگەڵ نزیكبوونەوەی دوا وادەی داماڵینی چەكی میلیشیاكان لە كۆتایی ئەم مانگە، هەوڵەكانی شیعە بۆ گۆڕینی هەڵمەتی داماڵینی چەك بۆ رێكخستنەوە و دۆزینەوەی چارەسەرێكی ناوەند بۆ چەكی میلیشیاكان بەردەوامە، عەمار حەكیم سەركردەی رەوتی حیكمەی نیشتمانی دووپاتی كردەوە كە كاتی داماڵینی چەك و دانوستانی رژدە لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان.

ئەمڕۆ چوارشەم حەكیم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، پەرەسەندن پێویستی بە دۆخێكی سەقامگیر هەیە و ئەو سەقامگیریەش لە سایەی دەوڵەتێكی بەهێز دێتە كایەوە كە چەك تەنیا بە دەستی دەوڵەتەوە بێت و بە روونی رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە، ئێستەش هەنگاوی رژد بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێك هەیە كە گەل تیایدا سوودمەند بێت.

روونی كردەوە، ئێستە كاتی داماڵینی چەكە و لیژنەیەكی سەركردایەتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە ئەركی دانوستان هەڵدەستێت و كەشوهەوایەكی ئەرێنی هەیە و گرووپە چەكدارەكانیش سوورن لەسەر ئاسایش و ئابووری و پێوەندییەكانی عێراق، بۆیە كارەكان لە رێگەی دانوستانی رژد و راستگۆیانە و بنیاتنەرە بەڕێوە دەچن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل