حكوومەت سەتان مین و تەقەمەنی پشماوەی جەنگیی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك لەناو برد

:: PM:05:02:02/09/2026 ‌
دەزگای گشتیی كاروباری مین لە ڕێی بەڕێوەبەرایەتییەكانییەوە، لە پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆكان، بە سەتان مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگیی نەتەقیو لەناو دەبات.

دەزگاكە بڵاوی كردەوە كە لە دوو ئەركی جیادا، تیمی لەناوبردنی كەرەستەی تەقەمەنی (EOD) دوای بەدەركەوتنی مینێكی دژەكەس لە گوندی بێخاڵی شارۆكەی ڕواندوز و گوندی دێلزیان، تیمەكە سەردانی شوێنەكانیان كرد و مین و تەقەمەنییەكانیان لەناو برد.

هاوكات لە كێڵگەمینی شیوی قازیان لە گوندی مووبڕەی شارەدێی زەلان، تیمی تەقاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مینی سلێمانی، دوای پووچەڵكردنەوەی، هەستان بە گواستنەوەی چەندان مین و پاشماوەی جەنگی بۆ شوێنێكی پارێزراو، بەمەبەستی لەناوبردنیان لە ئاییندەدا.

لەلایەكی ترەوە لە زەویی شەڕگەی "عەباسەگوڵە" لە گوندی عەباسەگوڵە لە شارباژێڕ، تیمی تەقاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مینی سلێمانی، لە دوو ئەركی جیادا، دوو چالاكییان ئەنجام دا.

لە چالاكیی یەكەمدا، چەند مین و پاشماوەیەكی جەنگییان، بە ڕێگەی تەقاندنەوەی ناكارەبایی لەناو برد، لە هەمان كاتدا ئەو مین و پاشماوە جەنگییانەش لەناوبران كە پێشتر و لە چالاكیی جیاجیادا چارەسەركرابوون و گواسترابوونەوە بۆ شوێنی پارێزراو.

لە چالاكیی دووەمدا، تیمی ناوبراو، چەند پاشماوەیەكی جەنگیی نەتەقیویان بۆ شوێنێكی پارێزراو گواستەوە، بەمەبەستی لەناوبردنیان لە ئاییندەدا.

هەروەها لە كێڵگەمینی كێلەكەسان، تیمی تەقاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مینی سلێمانی، دوای پووچەڵكردنەوەی، هەستان بە گواستنەوەی چەندان مین و پاشماوەی جەنگی بۆ شوێنێكی پارێزراو بەمەبەستی لەناوبردنی لە ئاییندەدا.

لە كێڵگەمینی مەنداوانیش لە گوندی یاروزەر لە شارەدێی ناڵپارێز، هەستان بە لەناوبردنی چەند مین و پاشماوەیەكی جەنگی، بە ڕێگەی تەقاندنەوەیەكی ناكارەبایی.

تیمی لەنابردنی تەقەمەنی (EOD)ی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كاروباری مینی دهۆك، لە ئامێدی، بۆمبێكی هێشووی لە جۆری  BLU63، بەشێوەیەكی سەركەوتوو لەناوبرد.

لەلایەكی ترەوە تیمی  لەنابردنی تەقەمەنی (EOD) لە فەیدیێ هەستان بە لەناوبردنی موشەكێكی ناپاڵم 250 ملیمی موشەكەكەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1988 و لە سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق ئاراستەی ناوچەكە كرابوو.

هەروەها لە شارەدێی فایدێ لە كۆمەڵگەی دۆمیز 116 مین و تەقەمەنی گواسترانەوە بۆ شوێنی سەلامەت، بەمەبەستی لەناوبردنیان لە ئاییندەدا، كە بووبوونە مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتییان.



وشە - وشه‌