بانكێكی بەناوبانگی عێراق سزا دەدرێت

:: PM:06:55:02/09/2026 ‌

لە ماوەی ساڵانی رابردوو كەرتی بانكی لە عێراق دووچاری بێمتمانەییەكی زۆری نێودەوڵەتی و خەڵك هاتەوە، زۆرینەی بەهۆی كارە نایاساییەكانی ئەو بانكانە و پێشێلكارییەكانیان و مامەڵە رەش و سپیكردنەوەی پارەیە، كە ئەگەری سزادانی نێودەوڵەتیان هەبووە، جیا لە بێمتمانەیی خەڵك لە سەلامەتبوونی پارەكانیان لەو بانكانە، بانكی ناوەندیی عێراق بڕیاری دانانی سەرپەرشتیارێكی بۆ بانكی تەیفی ئیسلامی دا.

ئەمڕۆ چوارشەم بانكی ناوەندی عێراق لە نووسراوێكدا، بڕیاری دیاریكردنی سەرپەرشتیارێكی بەسەر بانكی تەیفی ئیسلامی بۆ وەبەرهێنان و پارەداركردن دا، ئەوەش بەهۆی بوونی پێشێلكارییەكی گەورە كە كاری كردووەتە سەر ناوەندی دارایی بانكەكە و پارەی هامشۆكەرانی بانكەكە، بڕیارەكەش پشتی بە بڕگەكانی مادەی 59ی یاسای هەمواركراوی ژمارە 94ی بانكەكانی ساڵی 2004 بەستووە. 

بەپێی نووسراوەكەی بانكی ناوەندی عێراق كە وتاژووی نزار ناسیر حوسێن پارێزگاری بانكەكەی لەسەرە، عیماد محەمەد حەمەد وەك سەرپەرشتیار لەسەر بانكەكە بۆ ماوەی 18 مانگ دیاری كراوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل