د. سامان بەرزنجی بۆ "وشە": كەیسەكە رەوانەی دادگا دەكەین و وەك هەمیشە چاودێری توندتر دەكەین

:: PM:07:06:02/09/2026 ‌
وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، كەیسی ئەو نەخۆشخانەیەی كچێكی نەخۆش تێیدا گیانی لەدەست دا رەوانەی دادگا دەكرێت و دواتر دادگا بڕیار لەبارەی چارەنووسیان دەدات، بەڵام رێوشوێنەكانی وەزارەت كەوتە واری جێبەجێ كرد. 

ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوول، ئاشكرابوو كە لە یەكێك لە نەخۆشخانە ئەهلییەكانی هەولێر، كچێكی تەمەن 21 ساڵ بەهۆی كەمتەرخەمی پزیشكی و کارگێڕییەوە گیانی لەدەست داوە. نەشتەرگەرییەكە لە نەخۆشخانەیەكدا كراوە كە دوو مانگ لەمەوبەر وەزارەتی تەندروستی كاركردنی ئەو نەخۆشخانەی قەدەغە كردووە و بە دەرگای قاچاغ، هۆڵی نەشتەرگەری كراوەتەوە. 

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، ئەو كەیسە كاری تەواوی لەسەر دەكرێت و رەوانەی دادگا دەكرێت، دواتر بڕیاری دادگا هەرچی بێت لەسەر لایەنى کەمتەرخەم و نەخۆشخانەكەیش جێبەجێ دەكرێت. 

وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە، رێوشوێنەكانی تەندروستی جێبەجێ كراون و نەخۆشخانەكە داخراوە، دوو مانگ لەمەوبەر هۆڵی نەشتەرگەریی داخرابوو، بەڵام بە دەرگایەكی تر كرابوویەوە پێچەوانەی رێنوێنییەكانی وەزارەت. 

د. سامان بەرزنجی دووپاتی كردەوە، وەزارەتەكەی بەردەوام چاودێریی توندی خستووەتە سەر نەخۆشخانە ئەهلییەكان و داخستنی ئەو نەخۆشخانەیەیش دوو مانگ لەمەوبەر بەڵگەیە لەسەر ئەوە، بەڵام ئەوان پێچەوانەی رێنوێنی جووڵاونەتەوە. 

لە راگەیەنراوی ئەمڕۆی وەزارەتی تەندروستی هاتووە، پزیشكی نەشتەرگەر هیچ ڕێگەپێدانی كاركردنی نییە لەو نەخۆشخانەیە و نەبوونی ناوى ئەو پزیشکە لە لیستی میلاكی ڕێگەپێدراوانی وەزارەت بۆ كاركردن لەم نەخۆشخانەیە نەبووە. 

هەروەها هاتووە، ئەنجامدانی نەشتەرگەری فریاكەوتن بەبێ بوونی فریاكەوتن و بەبێ بوونی هۆڵی چاودێریی چڕ لەم نەخۆشخانەیە و لەبەر نەبوونی سەلامەتیی نەخۆش و گونجاونەبوونی ئەم نەخۆشخانەیە و پابەند نەبوون بە ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی تەندروستی، دوو مانگە لە سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵەوە بەفەرمی هۆڵەكانی نەشتەرگەری لەلایەن وەزارەتی تەندوستی داخراوە، بە بڕیار كاركردن تێیدا ڕاگیراوە، بەڵام پزیشكی نەشتەرگەری و پزیشكی سڕكردن و کارگێڕیی نەخۆشخانە بە ڕێگای تری نافەرمی و بەشێوازی نایاسایی بە دەرگای تری نافەرمی چوونەتە ژوورەوە و كاریان كردووە.

دووپات كراوەتەوە، ئەنجامدەرانی نەشتەرگەری و کارگێڕیی نەخۆشخانە، سەرپێچیی بڕیاری وەزارەتیان كردووە و پابەند نەبوونە، دەرەنجام نەخۆش گیانی لەدەست داوە، بۆیە وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە یاسای ژمارە 4 ی ساڵی 2020ی تایبەت بە مافی نەخۆش و پێڕەوی ژمارە 16ی ساڵی 2022ی تایبەت بە لێكۆڵینەوە، ئەو نەخۆشخانەیە دادەخرێت و کارگێڕیی نەخۆشخانە و ئەنجامدەرانی سەرپێچی ڕەواڵەی دادگا دەكات بۆ وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی.


وشە - وشه‌