ئێران گوشارێكی زۆر گەورەی دارایی و ئابووری و بازرگانی و نەوتی و سەربازی لەسەرە، پرۆسەی هەناردن و هاوردەكردن و دابینكردنی سووتەمەنی كێشەی گەورەی تێ كەوتووە، لەوەش زیاتر بەهۆی كاریگەریی سزاكانی دوایی ئەمەریكا، بەهای تمەنی ئێران روو لە داكشانێكی مێژووییە، كاتێك لە بازاڕەكانی ئەو وڵاتە نرخی دۆلارێك 220 هەزار تمەنی تێپەڕ كرد.
بەپێی داتای
بازاڕەكانی ئێران، نرخی دۆلارێك گەیشتووەتە سەرووی 220 هەزار تمەن، ئەوەش دوای ئەوەی بەر لە دوو رۆژ نرخەكەی 210 هەزار تمەن بوو، كە ئەوەش بەرجەستەی خێرایی بێبەهابوونی دراوی ئێران بەهۆی سزاكانەوە لە ماوەیەكی زۆر كورت دەكات، هەرچی دراوەكانی ترە، نرخی یەك جونەی ئیسترلینی گەیشتە 297 هەزار تمەن و یۆرۆش گەیشتووەتە 255 هەزار تمەن.
لە ماوەی دوو هەفتەی دوایی هەڵمەتێكی نوێی سزای ئابووری و دارایی ئەمەریكا لە دژی ئێران دەستی پێ كرد، كاتێك وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتە چەندان سزای خستە سەر ئێران و وڵاتانی دنیاشی لەوانەی مامەڵەی دارایی و بازرگانیان لەگەڵ تاران هەیە، لە بەردەوامبوون لە مامەڵكردن لەگەڵی وریا كردەوە، لە دوو رۆژی رابردووش هێرشە سەربازییەكانی دەستیان پێ كردەوە، هەموو ئەوانە دۆخی دارایی و ئابووری ئێرانیان بەرەو تەنگژەیەكی قووڵتر برد.