نەتانیاهوو: ڕژێمی ئێران لە کۆتاییدا دەڕووخێت و کار بۆ ئەو ئامانجە دەکەین

:: PM:08:26:02/09/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوولی 2026، بنیامین نەتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕای گەیاند کە ڕژێمی ئێران لە کۆتاییدا دەڕووخێت و دەزگاکانی ئیسرائیل کار بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە دەکەن، ئەمەش گۆڕانکارییەکە لە گوتاری ئیسرائیل کە پێشتر تەنیا سەرنجی لەسەر بێهێزکردنی توانای سەربازی و ئەتۆمیی تاران بوو، لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە ناوچەکەدا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە.

لە لێدوانێکدا بنیامین نەتانیاهوو دووپاتی کردەوە کە ئامانجی کۆتاییان ڕووخانی ڕژێمی ئێرانە و لەو پێناوەشدا دەزگا جیاوازەکانی ئیسرائیل هەوڵ بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دەدەن. ئەم لێدوانە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ گۆڕانی ستراتیجیی ئیسرائیل، کە پێشتر زیاتر باسی لە لێدانی چەکی ئەتۆمی و تواناکانی سەربازیی ئێران دەکرد، بەڵام ئێستە ڕاستەوخۆ باس لە داهاتووی دەسەڵات و گۆڕینی ڕژێم لە تاران دەکات.

ئەم قسانەی نەتانیاهوو لە سێبەری نوێبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی ترەوە دێت، کە بەهۆیەوە ئاڵوگۆڕی بۆردمانەکان و ڕووبەڕووبوونەوەکان بۆ چەند وڵاتێکی ناوچەکە فراوان بووە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی ڕابردوودا ئەمەریکا شەپۆلێکی نوێی بۆردمانی بۆ سەر ئامانجەکانی سوپای ئێران ئەنجام داوە و لە بەرانبەریشدا تاران پێگەکانی پێوەندیدار بە هێزەکانی ئەمەریکای لە ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج.

پێشتریش سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە ڕوونی باسی لە ئەگەری گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران کردبوو. لە مانگی ئاداری ڕابردوودا، نەتانیاهوو ڕای گەیاندبوو کە کاتی ڕووخانی ڕژێم نزیک بووەتەوە و ئامانجی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل، نەهێشتنی ئەو هەڕەشانەیە کە ئێران دروستی دەکات، هەروەها ڕەخساندنی زەمینەیە بۆ ئەوەی گەلی ئێران لەو دەسەڵاتە ڕزگاری بێت.


وشە - پۆڵا مەحموود