وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: گەرووی هورمز ناکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێران

:: PM:08:37:02/09/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوولی 2026، مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە گەرووی هورمز بە هیچ شێوەیەک ناکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێران و بە کراوەیی دەمێنێتەوە، هاوکات هۆشداری دا کە ڕێگە نادەن تاران دەستی بەو پارانە بگات کە بۆ کوشتن و تێکدانی ئاسایش بەکاریان دەهێنێت.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕای گەیاند، ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی پێشتر هەبوو کۆتایی هاتووە و بەسەر چووە. دووپاتی کردەوە کە دەسەڵات لە ئێران لەژێر گوشارێکی تونددا دەمێنێتەوە، ئەوەش بۆ ڕێگریکردن لە دەستگەیشتنی تاران بەو پارانەی کە بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە بەکاریان دەهێنێت.

ڕۆبیۆ زیاتر ڕوونی کردەوە کە ئەمەریکا هەر شتێک دەکاتە ئامانج کە هەڕەشە لە هێزەکانیان و هاتوچۆی دەریاوانیی جیهانی لە گەرووی هورمز بکات. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو گەرووە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و بە هیچ شێوەیەک ناکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵ و هەژموونی ئێرانەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا کە ئێران بەردەوام بووە لە بۆردمانکردن و بەئامانجگرتنی کەشتییەکان، بەتایبەتی کەشتییە بازرگانییەکان لە ناو گەرووی هورمز، بەڵام لە ئێستەدا بەتەواوی کۆنتڕۆڵی بەسەر ئەو گەرووەدا لەدەست داوە.


وشە - پۆڵا مەحموود