میلیشیاكان هەڕەشە لە ئەمەریكا دەكەن

:: PM:08:44:02/09/2026 ‌

شارەزایان ئاماژە دەكەن بابەتی كشانەوەی هێزی هاوپەیمانان و ئەمەریكا لە عێراق پێوەندی بە رێككەوتنی نێوان دوو وڵاتەوە هەیە و ئەمەریكا پێوەی پابەندە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی 30ی ئەیلوول، كە هاوكات وادەی داماڵینی چەكی میلیشیاكانە، ئەوان كەوتوونەتە هەڵوێستێكی نەخوزراو و وا خۆیان نیشان دەدەن ئەمەریكا بەهۆی چەكی ئەوانەوە كشاوەتەوە، ئەمڕۆ ئەمینداری گرووپی نوجەبا هەڕەشەی لە ئەمەریكا كرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم ئەكرەم كەعبی ئەمینداری گشتیی بزاوی نوجەبا لە بەیاننامەیەكدا گوتی، چاودێریی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە 30ی ئەم مانگە دەكەین، ئەگەر لە كشانەوە پاشگەز ببنەوە، بە تەواوەتی ئامادەین بۆ شەڕ و هەر سەربازێكی ئەمەریكی بمێنێتەوە بە تەرمی دەیگەڕێنینەوە وڵاتەكەی، ئەوەی وا بزانێت لە دواسی شكستی لە ئێران، ترەمپ لە عێراق سەركەوتن بەدەست دێنێت هەڵەیە، رێگە بەوە نادەین. 

كەعبی دووپاتی كردەوە، با ئەمەریكا بزانێت كە ئێمە چاودێریی 30ی ئەیلوول دەكەین و تەواو ئامادەین بۆ هەڵگیرسانی شەڕێكی یەكلاكەرەوە لەگەڵ هێزەكانی ئەمەریكا ئەگەر لە بەڵێنەكەیان پاشگەز ببنەوە بە كشانەوەی تەواوەتی لە خاك و ئاسمانی عێراق، ئەگەر لە دوای ئەو كاتە یەك سەربازی ئەمەریكا لە عێراق بمێنێت، رێگەنادەین بە سەلامەتی بگەڕێتەوە و بە تەرم دەیگەڕێنینەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل