گەڕانەوەی فاگن بۆ بەغدا مانای چییە؟

:: PM:09:15:02/09/2026 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق بڵاوی كردەوە كە ستیڤن فاگن لە شوێنی جوشوا هاریس دەبێتە كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق، رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی ئاماژە دەكات كە واشنتن خۆی بۆ سیناریۆی رەتكردنەوەی داماڵینی چەك لە لایەن میلیشیاكان لە عێراق ئامادە دەكات، بۆیە بڕیاری رەوانەكردنی فاگنی بۆ بەغدا داوە.

رۆژنامەی "جیۆرزالیم پۆست"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێكی تیشك دەخاتە سەر ئەو گۆڕانكارییەی ئەمەریكا لە باڵوێزخانەكەی لە غدا ئەنجامی داوە و پێی وایە كە ئەمەریكا بە رەتكردنەوەی دانانی چەك لە لایەن میلیشیاكان دەزانێت و خۆی بۆ ئەو سیناریۆیە ئامادە دەكات، بۆیە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بڕیاری رەوانەكردنی فاگنی بۆ بەغدا داوە، كە ئەو شارەزاییەكی زۆری لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی عێراق لە ساڵانی رابردوو هەیە، جیا لەوە بۆ كورد زیاتر دڵنیاكەرەوەیە. 

بەپێی زانیارییەكان فاگن خاوەن ئەزموونە لە یەكێك لە هەستیارترین دۆسیە بۆ سیاسەتی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەویش دۆسیەی ئێرانە، ئەو پۆستی بەڕێوەبەری نووسینگەی كاروباری ئێرانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە 2015 تا 2018 هەبوو، بەر لە هاتنیشی بۆ بەغدا، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا بووە لە هەولێر و دواتر جێگری سەرۆكی نێردەی ئەمەریكا لە بەغدا، بۆیە شارەزایەكی باشی لە هەردوو دۆسیەی ئێران و عێراق و ناوچەكە هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل