چەكەكانی لە عێراق رادەست دەكرێن بە دەستی كێ دەبێت؟

:: PM:09:43:02/09/2026 ‌

لەگەڵ نزیكبوونەوەی دوا وادەی داماڵینی چەكی میلیشیاكان لە عێراق، مشتومڕ لەبارەی جۆری چەكەكانی رادەست دەكرێن و ئەو لایەنەی چەكەكانی رادەست دەكرێت و هەڵیان دەگرێت بەردەوامە، بەپێی سەرچاوەكان هێشتا ئەو بابەتە یەكلا نەكراوەتەوە. 

دوای ئەوەی دوور لە ئەمەریكا، ئێران و شیعە لەسەر رێكخستنەوەی چەك لە بری رادەستكردنی بۆ دەوڵەتی عێراق رێك كەوتن، پلانیان وایە ئەو چەكانەی كە رادەست دەكرێن بدرێتە حەشدی شەعبی نەك سوپا و هێزە تەناهییەكانی عێراق، كە هاوكات میلیشیاكان بەشێكی حەشدی شەعبین، سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات كە ئێستە لەناو شیعە دوو بژارە تاوتوێ دەكرێت، یەكەمیان گواستنەوەی چەكە رادەستكراوەكانە بۆ جبەخانەكانی حەشدی شەعبی، دووەم هێشتنەوەیەتی لە جبەخانەكانی میلیشیاكان و بەڵێندانیان بە بەكارنەهێنانی بێ رەزامەندیی فەرمیی عێراقی.

بەپێی سەرچاوەكە ئێستە ناكۆكییەكە لەسەر ئەو لایەنەیە كە چەكەكان كۆنترۆڵ دەكات، میلیشیاكان ترسیان هەیە ئەو چەكانەی رادەستی دەكەن نەیبیننەوە و پرۆسەكە ببێتە داماڵینی چەك، بۆیە ئێران و میلیشیاكان پێیان وایە دەبێت چەكەكان لای خۆیان بمێنێتەوە، چونكە بەوە توانا سەربازییەكانیان بە دەستی خۆیان دەمێنێتەوە.

محەمەد یووسف نوور توێژەری ستراتیجی دەڵێت، بابەتەكە دوو شتە، خاوەنداریەتی چەكەكان و بڕیاری بەكارهێنانیەتی، مانەوەی چەكەكان لای میلیشیاكان واتە سڕكردنی بەكارهێنانیەتی، كە ئەوەش سیناریۆیەكی ئێرانییە و ئەگەر سەری گرت، تاران دوو ئامانج دەپێكێت، رێگرتن لە رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاكان و حكوومەتی عێراق و پارێزگاریكردن لە چەك و توانای سەربازیی میلیشیاكان وەك كارتێك بتوانێت لە هەر كاتێك كارای بكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل