دۆناڵد ترەمپ: کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز دەکەین و هێرشەکانمان زۆر قورس بوون

:: PM:09:54:02/09/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە هێزەکانیان بەتەواوی کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزیان کردووە و ئاسایشی ملیۆنان بەرمیل نەوت دەپارێزن، هاوکات ئاشکرای کرد کە هێرشەکەی شەوی ڕابردوویان زۆر توند بووە لە وەڵامی هەوڵەکانی تاران بۆ بنیاتنانەوەی سیستمی ڕادار و مووشەکی، هۆشداریش دەدات کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند، لە ئێستەدا ئەمەریکا بەتەواوی کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزی کردووە و ئاسایشی دەرچوونی ڕۆژانەی ملیۆنان بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کەشتییە بازرگانییەکانەوە دەپارێزێت. ترەمپ لە قسەکانیدا دووپاتی کردەوە کە ئەو هەڵمەتە نوێیەی دژی ئێران دەستیان پێ کردووە، زۆر ناخایەنێت و کورتخایەن دەبێت.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا کە ئێران هەوڵی دەدا سیستمەکانی ڕادار و مووشەکی بنیات بنێتەوە و جۆرە مووشەکێک پەرە پێ بدات بۆ خستنەخوارەوەی مینی دەریایی، بەڵام هێزەکانی ئەمەریکا بەتەواوی تێکیان شکاند. ڕوونیشی کردەوە کە ئەو هێرشەی شەوی ڕابردوو ئەنجام درا زۆر قورس بوو، هەروەها واشنتن ئامادەیە لە هەر کاتێکدا بیەوێت هێرشی تر ئەنجام بدات.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ترەمپ باسی لەوە کرد کە جووڵەی دەریاوانی و هەناردەکردنی نەوت لە ناو گەرووەکەدا بەبێ کێشە بەردەوامە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەمەریکادایە. جارێکی تریش قەدەغەکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی دووپات کردەوە و گوتی، بابەتەکە زۆر سادەیە، ئێران ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.


وشە - پۆڵا مەحموود