"مەرجی میلیشیاكان بۆ دانانی چەك تەنیا خۆدزینەوەیە"

:: PM:10:49:02/09/2026 ‌

لەوكاتەی بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە دوا وادەی داماڵینی چەكی میلیشیاكان بێت لە عێراق، ئەوان مەرج بەرانبەر بە رادەستكردنی چەكەكانیان رادەگەیەنن، شرۆڤەكارێكی سیاسی ئاماژە دەكات كە ئەو كارەی ئەوان هەوڵێكە بۆ خۆدزینەوە و چەك رادەست ناكەن.

زەیدوون سەلمانی شرۆزەكاری سیاسی ئاماژە دەكات، میلیشیاكان باش دەزانن كە ئەو مەرجانەی باسی دەكەن ناتوانرێت بە رۆژ و شەوێك بێتە دی، جێبەجێكردنی داواكارییەكانی پێوەست بە سەروەریی وڵات و پاراستنی ئاسمانەكەی و هیتریش لە دۆسییەكانی باسی دەكەن، پێویستیان بە ساڵانێك كاركردن هەیە بۆ گەیشتن پێیان.

روونی كردەوە، میلیشیاكان بەشێكن لەو شكستەی سیستمی فەرمانڕەوایەتی لە عێراق بە دەستییەوە دەناڵێنێت، زۆرێك لەو داواكارییانەی سەركردەی میلیشیاكان دەیخەنە روو، خۆیان پێشێلی دەكەن، بەتایبەتی ئەوانەی پێوەندییان بە سەروەریی عێراقەوە هەیە، كاتێك ئەوان خۆیان پێوەندیان بە دەرەوەی سنوورەكانی عێراق هەیە و لە بەرژەوەندییەكانی ئەوان كار دەكەن.

سەلمانی دووپاتی كردەوە كە ئەو مەرجەی میلیشیاكان باسی دەكەن هەوڵێكە بۆ خۆدزینەوە و درێژەدان بە مانەوەی چەكەكانیان و خۆڵ كردنە چاوەكانە، هاوهەڵوێستییە لەگەڵ ئێران، بۆیە پێم وایە ئەوان چەك رادەست ناكەن و لەو حاڵەتەش حكوومەت و دەوڵەت ناچار دەبن پەنا بۆ هێز ببەن، چونكە ئێستە هاوكێشەیەكی نوێ لە ناوچەكە هەیە بەوەی نابێت چەك و میلیشیاكانی ئێران لە ناوچەكە بمێنن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل