نووری مالیكی: زمانی هەڕەشە بەرانبەر گرووپە چەكدارەكان كۆتایی هاتووە

:: PM:11:06:02/09/2026 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم دووی ئەیلوولی 2026، نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕای گەیاند كە زمانی هەڕەشە و ڕووبەڕووبوونەوە بەرانبەر بە گرووپە چەكدارەكان كۆتایی هاتووە، هاوكات دووپاتی دەكاتەوە كە پرۆسەی ئێستە تەنیا ڕێكخستنەوەی چەكە نەك داماڵین، حەشدی شەعبیش دامەزراوەیەكی فەرمیی حكوومەتە و نابێت لەگەڵ چەكی دەرەوەی دەوڵەت تێكەڵ بكرێت.

لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا، مالیكی ئاماژەی بەوە دا كە هەڕەشەكردن هیچ ئەنجامێكی نابێت و بە هێرشكردنە سەر گرووپەكان و حكوومەت ناگەنە ئەنجام، نە حكوومەت لاوازە تا هێرشی بكرێتە سەر، نە لە بەرژەوەندیشە هێرش بكرێتە سەر گرووپەكان. ڕوونی كردەوە كە ئەمە دەستپێكی ئەو ڕاستییەیە كە ئێستە لە ئارادایە و دەرگای بۆ دەستكردن بە گفتوگۆ و گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ ئەو قەیرانە كردووەتەوە.

مالیكی سەبارەت بە پرسی چەكی ئەو گرووپانە دووپاتی كردەوە، پرۆسەكە ڕێكخستنی چەكە نەك داماڵین، چونكە دەستەواژەی داماڵین كاریگەریی دەروونیی خراپی هەیە. باسی لەوەش كرد كە یەكێك لەو بابەتانەی قسەی لەسەر دەكرێت جۆری چەكەكانە، ئایا هەموو چەكەكان دەگرێتەوە یان تەنیا ئەو چەكانە دەگرێتەوە كە بە چەكی هێرشكردن دادەنرێن، ئەمەش ئەو پرسەیە كە لیژنە پێكهێنراوەكە لەناو گفتوگۆكانیدا لەگەڵ گرووپەكان باسی دەكات.

لە كۆتایی قسەكانیدا، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەرگریی لە حەشدی شەعبی كرد و ڕای گەیاند كە هەندێك لایەن ویستیان ناوی حەشد تێكەڵ بە گرووپەكان و چەكی دەرەوەی دەوڵەت بكەن، بەڵام حەشد بەو شێوەیە نییە و دامەزراوەیەكی سەربازیی حكوومەتە، كە خۆی بە فەرمانێكی دیوانی پێكی هێناوە و تا ئێستەش ماوە، ئەوەش بنەمای شەرعییەتی ئەو هێزەیە.


وشە - پۆڵا مەحموود