ئه‌مه‌ریكا... ته‌قه‌كردن كوژرانی دوو كه‌س و برینداربوونی سێی تری لێ كه‌وته‌وه‌

:: AM:08:01:03/09/2026 ‌
پۆلیسی شاری مینیاپۆلیس له‌ ویلایه‌تی مینیسۆتای ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كرد، له‌ ئه‌نجامی ڕووداوێكی ته‌قه‌كردن له‌لایه‌ن چه‌كدارێكه‌وه‌، دوو كه‌س كوژران و سێی تریش برینداربوون، تا ئێسته‌یش نه‌توانراوه‌ هۆكاری ته‌قه‌كردنه‌كه‌ بزانرێت.

گاریت بارتن گوته‌بێژی پۆلیسی شاری مینیاپۆلیس گوتی، تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی ته‌قه‌كردنه‌كه‌، دوای رووداوه‌كه‌ به‌ مردوویی دۆزرایه‌وه‌ و تا ئێسته‌یش نازانرێ چۆن كۆتایی به‌ ژیانی هاتووه‌.

زیاتر گوتی، له‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ كه‌سێك ده‌سبه‌جێ گیانی له‌ ده‌ست دا و چواری تریش كه‌ برینداربوون بۆ نه‌خۆشخانه‌ گوێزرانه‌وه‌، به‌ڵام یه‌كێكیان برینی زۆر سه‌خت بوو و زوو گیانی له‌ ده‌ستدا، به‌مشێوه‌یه‌یش دووان كوژراون و سێی تریش بریندارن و له‌ نه‌خۆشخانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، یه‌كێك له‌ برینداره‌كان گولـله‌ به‌ر قاچی كه‌وتووه‌ و ئه‌وانه‌ی تریش نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ ده‌كرێت تا گولـله‌ له‌ جه‌سته‌یان ده‌ربهێنرێ و چاره‌سه‌ر بكرێن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د