ئەمڕۆ هەینی چواری ئەیلوولی 2026، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەخۆوە نەبینی و بەرەو تۆمارکردنی قازانجێکی کەم دەچێت لەم هەفتەیەدا، ئەوەش لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنەران چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی داتاکانی کاری ئەمەریکان بۆ ئەوەی پێشبینیی بڕیارەکانی داهاتووی بانکی ناوەندی لەسەر ڕێژەی سوود بکەن.
لە مامەڵە خێراکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە ئاستی 4477.10 دۆلار جێگیر بوو، دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەم بەڕێژەی 2% بەرز بووەوە. ئەم بەرزبوونەوەیە بەهۆی لێدوانێکی کریستۆفەر واڵەر بەرپرسی بانکی ناوەندیی ئەمەریکا بوو کە ڕای گەیاند، ئەگەر هەڵاوسان بەردەوام بێت لە دابەزین، پشتگیریی هێشتنەوەی ڕێژەی سوود دەکات و بەرزی ناکاتەوە. لە لایەکی ترەوە، نرخی گرێبەستە ئایندەیییەکانی زێڕ بۆ مانگی کانوونی یەکەم بەڕێژەی 0.4% دابەزی و گەیشتە 4522.60 دۆلار.
بەپێی ئامرازەکانی پێوانەکردن، مامەڵەکاران بە ئەگەری 50% پێشبینی دەکەن کە ئەم مانگە ڕێژەی سوود لە ئەمەریکا بەرز بکرێتەوە. لەوبارەیەوە ڕۆس ماکسوێڵ شرۆڤەکاری بازاڕی دارایی دەڵێت، ئەگەر ئامارەکانی کار لاواز بن و بێکاری بەرز ببێتەوە، ئەوا پاساوی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود نامێنێت و لەو حاڵەتەدا نرخی زێڕ بەرز دەبێتەوە. ئەو ئاماژەی بەوەش دا کە زێڕ هێشتا سوود لە خواستی زۆری بانکە ناوەندییەکان دەبینێت بۆ کڕینی، کە ئەمەش ڕێگری لە دابەزینی زۆری نرخەکەی دەکات.
لەلایەکی ترەوە و سەبارەت بە پێشهاتە سیاسییەکان، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەی لەگەڵ ئێران هەیە بە جەنگ دانانرێن، هاوکات ئامادە نەبوو هیچ کاتێک بۆ کۆتاییهاتنی دیاری بکات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی ئیدارەی ترەمپ دەبنەوە.
سەبارەت بە کانزا گرانبەهاکانی تر، نرخی زیو لە مامەڵە خێراکاندا بەڕێژەی 0.3% دابەزی و گەیشتە 66.78 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، بەڵام بەرەو تۆمارکردنی قازانجی هەفتانە دەچێت. لە هەمان کاتدا پلاتین بەڕێژەی 0.8% بۆ 1811.28 دۆلار، و پالادیۆم بەڕێژەی 0.4% بۆ 1415.75 دۆلار دابەزین و هەردووکیان بەرەو تۆمارکردنی زیانی هەفتانە دەچن.